دەستەی دەسپاکی: ئەمساڵ 713 دۆسیەی نوێی گەندەڵی تۆمارکراون و 77 دۆسیەش لە دادگاکان یەکلاییکراونەتەوە

08-12-2022 02:26
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ئاماری دۆسیەکانی گەندەڵیی ئاشکرا کردو دەڵێت، ئەمساڵ 713 دۆسیەی نوێی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و 77 دۆسیەش لە دادگاکان یەکلاییکراونەتەوە.

ئەحمەد ئەنوەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ئەمساڵ 487 دۆسیەی نوێی گەندەڵی کە سزایین لەگەڵ 226 دۆسیەی هەواڵدەری تۆمارکراون و سەرجەمیان دەکاتە 713 دۆسیە، بە دۆسیەکانی ساڵانی ڕابردوەوە دەکاتە 976 دۆسیە کە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت.

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ 203 دۆسیە رەوانەی دادگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کراون، ئەوەش لە ساڵانی رابردوو زیاترە.

هاوکات جارێکی دیکە داوایکرد دادگایەکی تایبەت تەرخان بکرێت بۆ زووتر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی.

بەپێی ئامارێکی دەستەی دەسپاکی کە مانگی ٨ی ئەمساڵ ڕاگەیەندرا، لە ٥ ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٧ تا ٢٠٢٢) ٧٢ کەسی پلە باڵا وەک تۆمەتبار لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی نەزاهە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ئەو ٧٢ کەسە، ٦ وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، ٦ بریکاری وەزیر، ٥ ڕاوێژکار، یەک پەرلەمانتار، ٣٤ بەڕێوەبەری گشتی، ٤ سەرۆکی فەرمانگەکان، یەک پارێزگار، ٥ قائیمقام و ٨ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بوون.