وتەبێژی حکومەتی هەرێم: نەوت و غاز موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نییە

08-12-2022 03:59

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کەرتی نەوت و غاز موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هی هیچ حزب و لایەنێک و تەنانەت هی حکومەتیش نییە.

"گوێمان لە هیچ نیگەرانییەک نەبووە لەسەر ئەم کەرتە لەناو ئەنجومەنی وەزیران، ئەم بابەتە پەیوەستە بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان" جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وای وت.

وتەبێژەکەی حکومەتی وتیشی، هەموو بڕیارەکانی حکومەت بە هاوبەشی و ڕێککەوتن دراون، "هەڵوێستی ئێمە ڕوونە گوتومانە ناکرێت حکومەت بکرێت بە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان، هەر گلەیی و گازندەیەکیش هەبێت، دەکرێت لە ئەنجومەنی وەزیران باسبکرێت".

ئەوە لەکاتێکدایە گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی وەزاری یەکێتی، بەهۆی نیگەرانییەکانیەوە، بەردەوامە لە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و چوار کۆبوونەوەیە بەشداریی نەکردووە.

سەرەتای ئەم مانگەش، بافڵ تاڵەبانی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکی نێوان حیزبەکەی و پارتی لادا کە تایبەتە بە پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی و دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێتەوەو وتی: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.

بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشکی خستەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عێراق.

بافڵ تاڵەبانی ڕەخنەی لە پارتی گرت کە "بودجەی سلێمانی ڕاگرتووە"و وتی: حکومەتی هەرێم زۆر بە سیاسی کراوەو دوو ئیدارەییەکی ئەمری واقیع هەیەو سلێمانی دەبێت خۆی بودجەی خۆی دابین بکات.

بەپێی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دروستکردنی بۆرییەکی نوێی گازە بۆ هەناردەی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا کە دەتوانرێت دواتریش سوودی لێوەربگیرێت بۆ ناردنە دەرەوەی گاز بۆ تورکیا، دروستکردنی ئەو بۆرییە دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردووەو لە کاتێکدایە کێڵگەو سەرچاوەی گازەکە لە ناوچەی حکومڕانی یەکێتیدایەو بووەتە بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەداو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ڕێگەیان بە کارکردنی کۆمپانیاکە نەداوەو بە پڕۆژەکەیان سڕ کردووە.

عێراق ئۆیل ڕیپۆرت دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی بەشێوەیەکی شەخسیی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، بەو پێیەی بە وتەی ئەو گرێبەستەکە بە "هیچ پڕۆسەیەک" و بە "بێ تەندەر" دراوە بە کارگروپ، دەڵێت "کارگروپ گرێبەستەکەی نەبردەوە، بەڵکو پێیدرا. ئەمە سوکایەتییە بە خەڵکی کوردستان و عێراق کە ئەم شتانە ڕوو بدەن".

سەرۆکی یەکێتی باسلەوەش دەکات، دەیانەوێت بەشداربن لە بڕیاردانی ستراتیژی سەبارەت بە کەرتی وزە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوانی لە پڕۆسەکە دوورخستووەتەوە.

لە ناو ئەو کێشەو ناکۆکییانە لەگەڵ پارتی، هەماهەنگیی و کاری پێکەوەیی یەکێتی لەگەڵ بەغداد تادێت سەرنجڕاکێشتر دەردەکەوێت، بافڵ تاڵەبانیش ئەوە ناشارێتەوە.

"من لەوە تێناگەم بۆچی ئیرادەیەک نییە بۆ کارکردن لەگەڵ بەغداد" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت، دەشڵێت "بەسرە هەزار جار دەوڵەمەندترە لە تەواوی کوردستان. تەنها بەسرە. ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت بۆلام و پێم بڵێ، ئا بافڵ وەرە قۆرییە بچوکەکەی خۆت بخەرەسەر ئەم مێزە بۆ ئەوەی ببیت بە بەشێک لەم مێزە زەبەلاحە کە بەسرەشی تێدایە، ئەوە بۆ من وەکو ڕێککەوتنێکی بێوێنە وایە".