١٣٤ ملیار دیناری دیکە لە پارە دزراوەکەی دەستەی گشتیی باجی عێراق گەڕێندرایەوە

08-12-2022 04:45
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی شیاع سوودانی لەگەڵ بەشی یەکەمی پارە گەڕێندراوەکان لە ٢٧-١١-٢٠٢٢

پەرەگراف

دادگاى تایبەت بە دۆسیەکانی دەسپاکی گەڕاندنەوەی بەشێکی دیکە لە پارە دزراوەکەی دەستەی گشتی باجی عێراقی ڕاگەیاند کە بڕەکەی زیاترە لە 134 ملیار دینار.

 ئەمڕۆ دادگەى لێکۆڵینەوەى دووەمى کەرخ لە بەغداد کە تایبەتە بە دۆسیەکانى دەسپاکیی، ڕایگەیاند، بەشی دووەمی پارە دزراوەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ بانکى ڕافیدەین کە بڕەکەی 134 ملیار و 455 ملیۆن و 600 هەزار دینارە.

دادگاکە دەڵێت، گەڕاندنەوەى پارە دزراوەکە بەردەوامە و تائێستا 317 ملیار و 535 ملیۆن و 536 هەزار و 252 دینار گەڕێندراوەتەوە.

پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ٢٧-١١-٢٠٢٢ گەڕاندنەوەی 182 ملیار دیناری ڕاگەیاند لەو 2 ملیارو 500 ملیۆن دۆلارەی دەستەی گشتیی باجی عێراق کە لە بانکی ڕافیدەین دزرا.

محەمەد شیاع سوودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پارە گەڕێندراوەکانی لەملاولای خۆیەوە دانابوو، ئاماژەی بەوەکرد ئەوە بەشی یەکەمی گەڕاندنەوەی پارەکانەو کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی پارەکە.

سوودانی باسی لەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ئەو دۆسیەیە بەردەوامە، لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاماژەیان بە پێشێلکاری و کەمتەرخەمی کردووەو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانیش ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکەن کە کارئاسانییان بۆ دزرانی ئەو پارەیە کردووە.

دزرانی ئەو پارەیە کە بە 'دزیی سەدە' ناونرا، کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوەو پێشتر ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق ڕایگەیاند، ئەو پارەیە دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەى شایستەى وەرگرتنى بن، لەسەر ئەو دۆسیەیەش دادگاى کەرخ بڕیاریداوە ژمارەیەک بەرپرسى دەستەى گشتیى باج ڕاپێچى دادگا بکات کە بریتین لە، بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گشتیى باج و یاریدەدەرەکەى و سەرپەرشتیارى هۆبەى دارایی و چاودێرى و بریکارى هۆبەى دارایی و بەڕێوەبەرى هۆبەى دارایی دەستەکە.

دادگا لەسەر هەمان دۆسیە بڕیاریداوە هەژمارى بانکى ئەو پێنج کۆمپانیایە بلۆک بکات کە ئەو پارەیەیان بردووە و، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ خاوەنى کۆمپانیاکانیش دەرکرد.

هەرلەسەر هەمان دۆسیە، وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، دوو لیژنە لەبارەى دزرانی ئەو پارەیە پێکهێندراون و رێوشوێن بەرانبەر چەند تۆمەتبارێک گیراونەتەبەر، "هەوڵ هەیە تێوەگلاوانى بردنى پارەکە ونبکرێن".

"دزرانی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار"ی دەستەی گشتیی باج لە بانکی ڕافیدەین کە لەلایەن وەزیری نەوتی عێراق پەردەی لەسەر لادرا، بووە باسێکی گەرمی پەرلەمان و شەقامی عێراقییە.

 دزرانی پارەکە چۆن ئاشکرا بوو؟

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق کە بە وەکالەت وەزیری داراییش بوو، بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەتی لێوەرگیرایەوەو ئەویش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەو پۆستە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران کردو تێیدا باسی ئەو دزییە گەورەیەی کردووە.

بەپێی نامەى دەستلەکارکێشانەوەکە، "دزینى ئەو ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە" لە نێوان 1ى ئەیلوولی 2021 تاوەکو 15ى ئابی 2022 بووە".

رۆژی 15ی تشرینی یەکەمى 2022، مستەفا کازمى نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەى ئیحسان عەبدولجەبارى لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت پەسند کرد، پاشان ئیحسان عەبدولجەبار لە تویتێکدا دزینى ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا کردو بەستییەوە بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ لێوەرگرتنەوەی پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت.

ئیحسان عەبدولجەبار لە نامەکەیدا ئەوەدەخاتەڕوو، بڕیارەکەى پەرلەمان "نایاسایی" بووە و دەڵێت "ویستێکى تووند بوو بۆ دوورخستنەوەم لە پێگەى ئێستام لە زووترین کاتدا، ئەوەش لە بەرژەوەندیى ئەو لایەنانەدایە کە دەستیان بەسەر ئەو ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەدا گرتووە، لەگەڵ ئەوانەى چەکى رێپێدانى خەرجکردنى ئەو پارانەیان بۆ کردوون لە رووداوێکدا کە سەیرترینە لە عێراق و جیهان."

بەپێی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئیحسان عەبدولجەبار، یەکەم کارى وەک بریکاری وەزیری دارایی بە وەکالەت لە دەستەى گشتیى باج بووەو لەدواى ژمارەیەک کۆبوونەوە بۆى دەرکەوتووە کە ئەو دامەزراوە داراییە گەورەیە "هەرەسى هێناوە" و "شەفافیەتى تێدا نییە"، کە دیارترینیان بردنى پارەى بارمتەى ئەو دەستەیە بووە لە بانکى رافیدەین بە شێوەیەکى "نیمچە ئاشکرا."

ئیحسان عەبدولجەبار دەڵێت، ئاماژە سەرەتاییەکان لەوەوە دەرکەوتن کە 800 ملیۆن دۆلار لە بانکى رافیدەین دیار نەماوە، ئەوەش بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک کە لەبەردەستدان و چەند رێوشوێنێک گیراونەتەبەر بە گواستنەوەى بەشێک لە بەرپرسە ئیدارییەکان بۆ رێگرى لە ونکردنى بەڵگەنامەکان یان شاردنەوەى زانیارییەکان.

لەکاتى لێکۆڵینەوەکاندا زیجیرەیەک کارى ساختەکارى، بردنى پارە، حەواڵەکردنى چەندین بڕە پارە بۆ کۆمپانیاى نوێ ئەنجامدراون کە پەیوەندى و مافیان لە بەدەستهێنانى ئەو پارانەدا نەبووە کە بڕەکەى 2.5 ملیار دۆلارە.

نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئیحسان عەبدولجەبارو وتەکانی لەبارەی دزرانی ئەو پارە زەبەلاحە، بەخێرایی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوەو بووە باسێکی گەرم.

موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "ئەو تاڵانییەی لە پارەی دەستەی گشتی باج کراوە بە ئاسانی تێناپەرێت و لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوێستی توندی دەبێت".

ژمارەیەک پەرلەمانتارو یاساناس داوادەکەن، قەدەغەی گەشتکردن بخرێتەسەر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و بەڕێوەبەری بانکی ڕافیدەین و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی عێراق تا لێکۆڵینەوەی شەفاف لەو دۆسیەیەدا دەکرێت و کەسانی تۆمەتبار ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.