نەوەی نوێ: داوامان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردووە فشارى زیاتر بکەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن

08-12-2022 06:14
کۆبوونەوەی باڵیۆزی سویدو سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

پەرەگراف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وڵاتانی بیانیی داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە فشارى زیاتر بکەن بۆ باشترکردنی دۆخی هاوڵاتییانی هەرێم و ئەنجامدانى هەڵبژاردن وەک پایەیەکى سەرەکى دیموکراسى.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نەوەی نوێ کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، ئەمڕۆ جێسیکا سڤاردستورم باڵوێزی وڵاتی سوید لە عێراق و شاندێکى یاوەرى سەردانى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێىان کردووە لە سلێمانی و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا هەریەکە لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و شاندێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا بە جیا سەردانی سەرۆکی جوڵانەوەکەو فراکسیۆنی نەوەی نوێیان کردووە.

نەوەی نوێ دەڵێت، لەو کۆبوونەوانەدا هاوکات باس لە بارودۆخى هەرێم و رەوشى ئازادى رادەربڕین و مافى مرۆڤ پاشەکشەی دیموکراسی لە هەرێم کراوە.

نەوەی نوێ لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە لەدوای ٦-١١-٢٠٢٢ بەھۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک و ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.