دەسەڵاتەکانی وەزیری پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی دران بە بریکاری وەزیر لە پشکی پارتی

09-12-2022 06:18

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیران پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی، بەخشیی بە سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی.

سەربەست لەزگین لە نووسراوێکدا کە ٧ی ئەم مانگە دەرچووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار دەکات کە پابەندبن بە ھەر نووسراو و فەرمانێک کە لەلایەن ئەوەوە واژۆ دەکرێت تا ئەوکاتەی وەزیر دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی، ئەوەش دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لە پێناو ڕانەوەستانی کارەکانی وەزارەت.

ماوەی مانگێکە وەزیری پێشمەرگەو بریکاری وەزیری ناوخۆ کە پشکی یەکێتین، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ناچنەوە سەرکارەکانیان، ئەوەش ئەو دوو بەرپرسە حکومییەی نیگەران کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "یەکێتی دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەک لە تیمی حکومەتیدا بکات، بەڵام مەسرور بارزانی ڕەزامەندی پیشان نادات بۆ ئەو گۆڕانکارییانە".

ئەوە لەکاتێکدایە گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی وەزاری یەکێتی، بەهۆی نیگەرانییەکانیەوە، بەردەوامە لە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و چوار کۆبوونەوەیە بەشداریی نەکردووە.