چیرۆكی كوشتنی قوتابییە یەكەمەكەی كەركووك لە زاری تۆمەتبارەكەوە

09-12-2022 11:44

پەرەگراف

دژەتیرۆری یەكێتی دانپێدانانی تۆمەتباری كوشتنی قوتابییە یەكەمەكەی شاری كەركووكی بڵاو كردەوە. تۆمەتبارەكە كە دانیشتووی چەمچەماڵە، دان بە ئەنجامدانی تاوانەكەدا دەنێت و دەڵێت، ویستوویەتی لەپێناو پارە لێوەرگرتن، ڤیدیۆی قوتابییەكە بە ڕووتی تۆمار بكات، بەڵام قبووڵی نەكردووە و ڕووبەڕووی بووەتەوە.

دوێنێ‌ 8-12-2022 پۆلیسی كەركووك دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكیی ئەو گەنجە قوتابییەی كەركووكی ڕاگەیاند كە لە ڕیزی قوتابییە یەكەمەكانی پۆلی 12ی ئامادەییدا بوو و لە 28ی مانگی ڕابردوو پاش چوونە دەرەوەی لە ماڵەوە، بێسەروشوێن بوو و دواتر تەرمەكەی دۆزرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر (دژەتیرۆری یەكێتی) ڕایگەیاند "دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچونی ورد بە مەبەستی دۆزینەوەی بكوژی خوێندكاری پلەیەكی عێراق لە شاری كەركووك، توانرا بە هەماهەنگیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای كەركووك، تاوانبار (هەرێم جەبار مەجید ئەمین) لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا دەستگیر بكرێت".

لە دانپێدانانێكدا كە دژەتیرۆری یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، ئەو تۆمەتبارە وردەكاریی ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەكات كە "ئیشی فرۆشتنی چەك لە ناوبازاڕ و سۆشیال میدیا" دەكات، قوتابییەكەش لە ڕۆژی "دووشەممە 28-11-2022"، تەلەفۆنی بۆ كردووە و داوای دەمانچەیەكی لێ‌ كردووە.

"ڕۆژی 29ی مانگ تەلەفۆنی كرد وتی: دەتوانی سبەینێ‌ دەمانچەكەم بۆ بنێریت؟ وتم: ئێستا تاكسییەكە دێت بۆ كەركووك بۆ ت دەنێرم. ڕێككەوتین بە 240 دۆلار دەمانچەكەی پێ‌ بفرۆشم"، تۆمەتبارەكە وا دەڵێت.

تۆمەتبارەكە لەدایكبووی 1993یە، خێزاندارە و خاوەنی سێ‌ منداڵە و خەڵكی چەمچەماڵە. وەكوو خۆی دانی پێدا دەنێت، بە گەنجەكەی كەركووكی وتووە كە دەمانچەكەی بە شۆفێری تاكسییەكدا بۆ دەنێرێت، بەڵام خۆی ڕۆیشتووە.

تۆمەتبارەكە لە دانپێدانانەكەدا دەڵێت "گەیشتمە ناو كەركووك، بە ژمارەكەی خۆم تەلەفۆنم بۆ كرد و وتم: من سایەق تاكسیم و ئەمانەتێكت بۆ هاتووە لەكوێ‌ بتدەمێ‌؟ ئەویش وتی: لە ڕەحیماوام و وەرە بۆ بەردەمی بازاڕی تۆپ سیتی".

"چوومە بەردەم بازاڕەكە، بینیم گەنجێك بوو، لەگەڵمدا سەركەوت. 800 دۆلاری پێ‌ بوو، 300 دۆلاری دا بە من و منیش باقیم دایەوە"، تۆمەتبارەكە وا دەڵێت.

قوتابییەكەی كەركووك سواری ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەكە بووە و لە ڕێگادا باسی ئەوەی كردووە كە ئەو یەكێك لە قوتابییە یەكەمەكانی عێراق بووە و ڤیدیۆی خۆی پێ‌ نیشاندا داوە كە لەلایەن بەرپرسانەوە خەڵات كراوە.

وەكوو تۆمەتبارەكە باسی دەكات، قوتابییەكە وتوویەتی "پارەم هەیە". دواتریش داوای لێ‌ كردووە بیبات بۆ شەقامی "حەولییەكە". لەوێ‌ كە دابەزیوە، تۆمەتبارەكە چاودێریی كوڕە قوتابییەكەی كردووە.

"دوای ئەوە چاودێریم دەكرد، عەلاگەیەكیشی پێ‌ بوو. بەدوایدا ڕۆشتم و وتم: چی دەكەی لیرە؟ وتی: دەمانچەكە تاقی دەكەمەوە. وتم: بێنە من بۆت تاقی دەكەمەوە. میلی دەمانچەم هێنایەوە و وتم: هەموو جلەكانت دابكەنە. وتی: لەپێناو چیدا ئەمە دەكەی؟ وتم: بۆ ئەوەی ڤیدیۆت بكەم"، تۆمەتبارەكە وا دەڵێت.

تۆمەتبارەكە دان بەوەدا دەنێت كە پلانی داناوە ڤیدیۆی كوڕەكە بە ڕووتی تۆمار بكات بۆ ئەوەی "لە پاشەڕۆژدا" پارەی لێ‌ بسەنێت و دەڵێت "قەمیسێك و فانیلەیەكی لەبەردا بوو، دایكەند و دواتر پەلاماری دام. من دووسێ‌ فیشكەم بەملاولایەوە نا و دەمانچەكەم لەسەر سینگی ڕاگرت، وتم: بێیتە پێشەوە دەتكوژم".

"فیشەكێك لە دەستم دەرچوو و بەر سینگی كەوت، بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە كە مردووە، فیشەكێكی ترم بە سەریەوە نا، دوای ئەوە دەمانچەكەم دانا و ڕام كرد"، ئەمە كۆتایی ڕووداوەكە لە زاری تۆمەتبارەكەوە.