سەرۆکی هەنگاریا لە هەولێر: بۆ پشتگیریی هەرێمی کوردستان لێرەین و هاوکاریی زیاتر پێشکەش دەکەین

10-12-2022 01:38
کاتالین نۆڤاک سەرۆکی هەنگاریا لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە کردنەوەی قوتابخانەیەک لە عەنکاوە

پەرەگراف

کاتالین نۆڤاک سەرۆکی هەنگاریا کە دوو ڕۆژە لە هەولێرە، ڕایگەیاند، بۆ پشتگیریی هەرێمی کوردستان لێرەن و وڵاتەکەی هاوکاریی زیاتر پێشکەش دەکات.

نۆڤاک لەگەل مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لە عەنکاوە قوتابخانەی مێلتۆیان بە فەرمی کردەوە کە لەسەر ئەرکی هەنگاریاو بە بەهای چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دروستکراوە.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەکەدا، سەرۆکی هەنگاریا وتی، نایانەوێت زۆر قسە بکەن، بەڵکو دەیانەوێت کرداریان هەبێت، وتیشی "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیریی ئێوە بکەین، ئەوە شتێک نییە لێرە کۆتایی پێبێت و دەمانەوێت بەردەوام بێت".

"ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگە و وڵاتەکەی ئێوە بەهێز بێت و رزگارتان ببێت، بەڵام رزگاربوون بەس نییە، ئێمە دەمانەوێت ئێوە وەک هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بچن و داهاتوویەکی گەشتان هەبێت، کاتێک قوتابخانەمان کردەوە، مانای ئەوەیە کە دەمانەوێت داهاتوویەکی گەشاوەتان هەبێت" کاتالین نۆڤاک وا وت.

هەنگاریا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی داعش هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووەو ئێستاش بە ڕاوێژی سەربازیی بەردەوامە لە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکی هەنگاریا سوپاسی پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتەیان کرد.

ڤیدیۆی سەردانی ئەمڕۆی کاتالین نۆڤاک و مەسرور بارزانی بۆ قوتابخانەیەکی تایبەت لە عەنکاوە