كەسوكاری سەهەند بۆ بافڵ تاڵەبانی: لەبەر چەند پۆلیسێك ناوبانگی سلێمانی و سەروەریی یاسا لەكەدار مەكە

10-12-2022 06:39
وێنەى سەهەند ئەحمەد

پەرەگراف

كەسوكارى ئەو مێرمنداڵەی لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار گیانی لەدەست دا، نیگەرانن لە بڕیاری دادگا بە داخستنی كەیسەكە و دەڵێن "مایەی تانە و پرسیاری جیددی ئێمەیە كە ئەو كەیسە بەو خێراییە داخرا". داوایش لە بافڵ تاڵەبانی وەكوو "فەرمانڕەوای ئەم ناوچەیە" دەكەن، لەبەر "چەند پۆلیس و كەسێك، ناو و ناوبانگی سلێمانی و سەروەریی یاسا و حیزبەكەی لەكەدار نەكات".

كەسوكاری ئەو مێرمنداڵە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیان "زۆر بەڵگەی دیكە هەبوون كە لەبەرچاو نەگیراون، بۆیە داوا لە داواكاری گشتیی دەكەین بێتە سەر خەت و لێكۆڵینەوە لە بڕیاری دادوەرەكە بۆ داخستنی كەیسەكە بكات".

وتیشیان "لە ڕێگەری پارێزەری كەیسەكەوە داوای تەمیزی ئەو بڕیارە بەپەلەیەی دادوەرەكە دەكەین و ئەگەر لە دادگای مەدەنی تاوانباران سزا نەدرێن، ئەوا دۆسیەكە دەبەینە دادگای سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆ".

وەكوو كەسوكاری مێرمنداڵەكە ئاماژەیان پێ‌ كرد، هێشتا لیژنەی وەزارەتی ناوخۆ لە كارەكانی بەردەوامە و "دانپێدانانی تەواوی دەستگیركراوەكان بە تاوانەكەدا و كامێرا و شاهیدەكان و شوێنپێی تاوانەكە لای لیژنەكە هەیە، كە دواتر دەدرێتە دادگای تایبەتمەند".

سەهەند ئەحمەدی تەمەن 17 ساڵ، ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پاش چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردنی لەلایەن ژمارەیەك پۆلیسەوە، لە زیندانی بنكەی پۆلیسی سەرچناردا گیانی لەدەست دا.

دواتر كەسوكارەكەی وتیان "كوڕەكەمان لە كاتی دەستگیركردندا بە دەمانچە، قۆناغە تفەنگ و شەق لێی دراوە و لەناو زیندانیشدا خنكێنراوە".

ڕۆژی 5-12-2022 پارێزەری ئەو مێرمنداڵە داخستنی كەیسەكەی لەلایەن دادگاوە ڕاگەیاند و وتی "بە ئەزموونی خۆم كە زەمانێكی زۆر خەریكی ‏لێكۆڵینەوە بووم و 20 ساڵیشە پارێزەرم، بۆ یەكەم جارە ببینم كەیسی تاوانێكی وا گەورە بەو خێراییە ‏دابخرێت، لە كاتێكدا ئێمە لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكاندا بووین".‏

هەرچەندە بە قسەی پارێزەرەكە "ڕاپۆرتی یەكەمی پزیشكەكە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدات كە ئەم ‏كەسە لە ئەنجامی بەكارهێنانی تووندی و لێدان و فشارەوە گیانی لەدەست داوە"، بەڵام وتیشی "پاش ئەوەی تەرمی سەهەند ئەحمەد لە گۆڕ دەرهێنرایەوە و دووبارە توێكاریی بۆ كرا، ڕاپۆرتی پزیشكی ‏دادی دەڵێت: سەهەند بە قەزا و قەدەر مردووە و ماددەی ‏هۆشبەری بەكار هێناوە".‏