ڕێکخراوەکان و چالاکانی ژنان دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە فرەژنیی ناڕەزایی دەردەبڕن

10-12-2022 07:32
گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەمڕۆی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکان لە هەولێر.

پەرەگراف

ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان دژی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە فرەژنی و توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان گردبوونەوە، ئەو ڕێکخراونە دەڵێن "فرەژنی زەمینە خۆشدەکات بۆ توندوتیژی دژی ژنان".

لە بەیاننامەیەکی ناڕەزاییدا کە ژنان  لە بەردەم قەڵای هەولێر خوێندیانەوە، هاتووە: "بڕیارەکەی دادگا فیدراڵی پێشینەیەکی مەترسیدارە بۆسەر قەوارەی هەرێم کە دەست بۆ مافە دەستورییەکانی هەرێم دەبات، پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی ژنانە".

"ئەوەی زیاتر ئێمەی نیگەران کردووە نەبوونی کاردانەوەی جددی و بێباکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە لە دژی ئەو بڕیارە" ڕیکخراوەکان و چالاکانی ژنان وادەڵێن.

ڕۆژی ٣٠-١١-٢٠٢٢ ماددەیەکی یاسایی لە هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە هێنانی ژنی دووەم و ڕێگەدان بە داوای جیابوونەوە لەلایەن ژنەوە ئەگەر مێردەکەی ژنی بەسەردا هێنا، لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە بە "نادەستووری" لەقەڵەم درا.

ماددەی ١٨ لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەمواری یاسای باری كەسێتیی لە هەرێمی كوردستان، ئەو مافە بە ژنی یەکەم دەدات و دەڵێت "ئەگەر مێرد ژنێکی دیکەی هێنا، ژنی یەکەمی مافی داواکردنی لێک جودابوونەوەی هەیە".

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە زۆرینەی دەنگ دەرکراوە، بڕیاری کۆتایی و پابەندکەرەو دەبێت لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانەوە جێبەجێ بکرێت.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕێکخراوەکان و چالاکانی ژنان

بەپێی یاسا هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان ڕێگەپێدراو نییە مەگەر بەڕێگەپێدانی دادوەرو بە چەند مەرجێک، ئەوەش وایکردووە بەپێی بەدواداچونێکی پێشتری پەرەگراف، زۆرینەی ئەو پیاوانەی دەیانەوێت زیاتر لە جارێک هاوسەرگیریی بکەن، بەهۆی بەربەست و ڕێگرییەکانەوە لە هەرێم، هانا بۆ دادگای ناوچەکانی جێناکۆک و پارێزگاکانی تری عێراق دەبەن.

لە هەمواری یاسای باری کەسێتیدا کە ساڵی 2008 پەرلەمانی کوردستان پەسەندیکردووە، باسی لە چەند مەرجێک کردووە بۆ هێنانی ژنی دووەم، لەوانە ڕەزامەندی هاوسەری یەکەم، نەخۆشکەوتنی ژنەکە بەجۆرێک ببێتە ڕێگر لەسەرجێیی یان نەزۆکی یاخود ئومێدی چاکبونەوەی نەبێت لەگەڵ توانای دارایی پیاوەکە بۆ دوو ژن و پڕکردنەوەی بەڵێننامەی دادپەروەری لەنێوان ژنەکاندا و هەروەها نابێت ژنەکە پێشتر ئەو مەرجەی هەبوبێت کە هەوێی بەسەردا نەیەت.

یاساکە سزای شەش مانگ بۆ ساڵێک زیندانی و 10 ملیۆن غەرامەی داناوە بۆ ئەو کەسانەی بەپێچەوانەی ئەو مەرجانەوە هاوسەرگیری دووەم ئەنجامدەدەن.

زۆرینەی ئەو پیاوانەی هاوسەرگیریی دووەم دەکەن، لەهەر بارودۆخێکدا بێت، دەقەکانی ئاینی ئیسلام بۆ پاڵپشتی ئەو هەنگاوەیان دەهێننەوە، کە ڕێگەی بەزیاد لە هاوسەرگیرییەک داوە.

بەپێی یاسای باری کەسێتیی کارپێکراو لە دادگاکانی کەرکوک و عێراق، هاوسەرگیری دووەم تەنیا پێویستی بە ڕەزامەندی دادوەر هەیە بەدوو مەرج، ئەویش توانای باشی دارایی پیاوەکەو هەبونی بەرژەوەندییەکی گونجاو و شەرعی لەو پڕۆسەیەدا.

بەدەر لەو مەرجانە، هەر لەدادگاکانی عێراق و بەپێی ئەو یاسایە، ڕێگە بەفرەژنی و زیاد لە هاوسەرگیرییەک دەدرێت ئەگەر لەگەڵ بێوەژناندا بێت.