سبەینێ‌ و دووسبەی پێنج چالاكی سزادراوی شیلادزێ‌ ئازاد دەكرێن

11-12-2022 09:57

پەرەگراف

سبەینێ‌ چوار چالاكی سزادراوی شیلادزێ‌ ئازاد دەكرێن و سزادراوێكی دیكەشیان دووسبەی ئازاد دەكرێت. بەهۆی دوو هەڵەی چاپەوە ئەمڕۆ ئەو چالاكانە ئازاد نەكران.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ سزای چوار لە سزادراوانی شیلادزێ‌ تەواو بوو و دادگای تاوانەكانی دووی هەولێریش بڕیاری ئازادكردنیانی دەركرد، بەڵام بەهۆی دوو هەڵەی چاپەوە ئازادكردنەكە بۆ سبەی دواكەوت".

بە قسەی ئەو پارێزەرە، هەڵە لە ناوی یەكێك لە سزادراوەكاندا هەبووە و هەڵەیەكیش لە بەرواردا هەبووە، تا هەڵەكان لەلایەن پارێزەرانەوە چاك كراون، دەوام تەواو بووە و دادوەر هەستاوە، بۆیە ئازادكرنی ئەو چالاكانە كەوتووەتە سبەی.

بەشدار حەسەن بۆ پەرەگراف وتیشی "پێنجەم چالاكی سزادراوی بادینان كە (ئەمجەد یوسف)ـە، دووسبەی 13-12-2022 سزاكەی تەواو دەبێت و ئازاد دەكرێت".

ئەو چوار چالاكەی كە بڕیارە سبەینێ‌ ئازاد بكرێن، هەریەك لە (كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، مەحموود ناجی و یوسف شەریف)ن.

ئەو پێنج چالاكەی شیلادزێ‌ ڕۆژی 16-5-2022 بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان" سزای دوو ساڵ زیندانیكرنیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو چالاكانە و كەسوكار و پارێزەرەكانیشیان ئەو تۆمەتانەیان ڕەت كردەوە و وتیان "هیچ بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لەبەردەمی دادگادا نەبووە".

پێنج چالاکەکەی شیلادزێ لە هەڵمەتی دوای خۆپیشاندانەکانی ئەو شارۆچکەیە لەگەڵ دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران، دوای نزیکەی ساڵێک و شەش مانگ مانەوە لە زیندانی ئاسایشدا، پاشان دادگایی کران.