
پەرەگراف
دەستەی نەوجەوانان لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، سزای دوو مێرمنداڵەكەی كەلاری لە چوار ساڵەوە بۆ یەك ساڵ كەم كردەوە و بەهۆی تەمەنەكەشیانەوە ئەو ماوەی زیندانییە لە ماڵەوە بەسەر دەبەن و ئازاد دەكرێن.
نەشاد عومەر، پارێزەری سابیر ئەحمەد كە یەكێكە لە سزادراوەكان، بە پەرەگرافی وت "لەبەر ئەوەی لە كاتی ڕووداوەكەدا هەردوو سزادراوەكە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە، یاسای نەوجەوانیان بەسەردا جێبەجێ كراوە و دادگا بڕیاری داوە ئەو یەك ساڵەش لەژێر چاودێریی سلوك و ڕەوشدا دەبن لە ماڵەوە".
ئەو پارێزەرە وتیشی "سزادراوێكیان كە عەبدوڵڵا هیوایە، گەیشتووەتەوە گەرمیان، سابیر ئەحمەدیش ئەمڕۆ یان بەیانی دەنێردرێتەوە بۆ گەرمیان. پاش تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكانیش ئازاد دەكرێن".
بە لێكدانەوەی ئەزموون و پێشبینیی پارێزەرەكە، "لەم هەفتەیەدا" ڕێكارە یاساییەكان تەواو دەبن و هەردووكیان ئازاد دەكرێن.
سابیر ئەحمەد و عەبدوڵڵا هیوا، بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی 22-8-2020ی شاری كەلاردا كردبوو، بەڵام لە 8-11-2022 دادگای نەوجەوانانی گەرمیان سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەریەكەیاندا سەپاند.
ئەو دوو مێرمنداڵە تۆمەتبار كراوبوون بە سووتاندنی ئۆتۆمبێل و بە ماددەی 342ی یاسای سزدان كە تایبەتە بە سووتاندنی موڵك و ماڵی گشتی، سزا درابوون.
قانع ئەحمەد، برای سابیر كە یەكێكە لە سزادراوەكان، بە پەرەگرافی وت "ساڵی 2020 ماوەی 16 بۆ 17 ڕۆژ دەستگیر كراون، دواتر مانگێك زیاتر لەمەوبەر دەستگیر كرانەوە و دواتر سزا دران".
سزادانی ئەو دوو مێرمنداڵە ناڕەزایی زۆری لەناو كەسوكاریان و چالاكان لێ كەوتەوە و لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووك - گەرمیان لە كەلار گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجام دا. دواتریش كەسوكاریان لە ڕێگەی پارێزەرەكانیانەوە داواكارییان بۆ پێداچوونەوە بە سزاكەدا پێشكەش بە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان كرد.