دوو مێرمنداڵەكەی كەلار ئازاد دەكرێن

12-12-2022 03:09

پەرەگراف

دەستەی نەوجەوانان لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، ‏سزای دوو مێرمنداڵەكەی كەلاری لە چوار ساڵەوە بۆ یەك ‏ساڵ كەم كردەوە و بەهۆی تەمەنەكەشیانەوە ئەو ماوەی ‏زیندانییە لە ماڵەوە بەسەر دەبەن و ئازاد دەكرێن.‏

نەشاد عومەر، پارێزەری سابیر ئەحمەد كە یەكێكە لە ‏سزادراوەكان، بە پەرەگرافی وت "لەبەر ئەوەی لە كاتی ‏ڕووداوەكەدا هەردوو سزادراوەكە تەمەنیان لە خوار 18 ‏ساڵەوە بووە، یاسای نەوجەوانیان بەسەردا جێبەجێ‌ كراوە ‏و دادگا بڕیاری داوە ئەو یەك ساڵەش لەژێر چاودێریی ‏سلوك و ڕەوشدا دەبن لە ماڵەوە".‏

ئەو پارێزەرە وتیشی "سزادراوێكیان كە عەبدوڵڵا هیوایە، ‏گەیشتووەتەوە گەرمیان، سابیر ئەحمەدیش ئەمڕۆ یان ‏بەیانی دەنێردرێتەوە بۆ گەرمیان. پاش تەواوكردنی ‏ڕێكارە یاساییەكانیش ئازاد دەكرێن".‏

بە لێكدانەوەی ئەزموون و پێشبینیی پارێزەرەكە، "لەم ‏هەفتەیەدا" ڕێكارە یاساییەكان تەواو دەبن و هەردووكیان ‏ئازاد دەكرێن.‏

سابیر ئەحمەد و عەبدوڵڵا هیوا، بەشدارییان لە ‏خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی 22-8-2020ی شاری كەلاردا ‏كردبوو، بەڵام لە 8-11-2022 دادگای نەوجەوانانی ‏گەرمیان سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی بەسەر ‏هەریەكەیاندا سەپاند.‏
‏ ‏
ئەو دوو مێرمنداڵە تۆمەتبار كراوبوون بە سووتاندنی ‏ئۆتۆمبێل و بە ماددەی 342ی یاسای سزدان كە تایبەتە بە ‏سووتاندنی موڵك و ماڵی گشتی، سزا درابوون.‏

قانع ئەحمەد، برای سابیر كە یەكێكە لە سزادراوەكان، بە ‏پەرەگرافی وت "ساڵی 2020 ماوەی 16 بۆ 17 ڕۆژ ‏دەستگیر كراون، دواتر مانگێك زیاتر لەمەوبەر دەستگیر ‏كرانەوە و دواتر سزا دران".‏

سزادانی ئەو دوو مێرمنداڵە ناڕەزایی زۆری لەناو ‏كەسوكاریان و چالاكان لێ كەوتەوە و لەبەردەم دادگای ‏تێهەڵچوونەوەی كەركووك - گەرمیان لە كەلار ‏گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجام دا. دواتریش كەسوكاریان ‏لە ڕێگەی پارێزەرەكانیانەوە داواكارییان بۆ پێداچوونەوە ‏بە سزاكەدا پێشكەش بە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی ‏كوردستان كرد. ‏