لەبەر پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەكی "نایاسایی" ئاسایش، ئازادكردنی چالاكانی شیلادزێ بۆ سبەی دواخرا

پەرەگراف
چوار چالاكی سزادراوی شیلادزێ كە ماوەی دوو ڕۆژە سزاكەیان تەواو كردووە، ئازاد نەكراون. ئەمڕۆ ئازادكردنیان بەهۆی پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەك لە ئاسایش دواكەوت، كە پارێزەرێكیان دەڵێت "ئەو بەڵێننامەیە نایاساییە". كەسوكاری ئەو چالاكانە كە ماوەی دوو ڕۆژە چاوەڕێی ئازادبوونی ڕۆڵەكانیانن، ئەمڕۆیش بە بێهیوایی گەڕانەوە ماڵەوە.
بەشدار حەسەن، پارێزەر لە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی چالاكانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسایش داوایان لە چاكسازیی گەورانی هەولێر كردووە كە ئەو چالاكانە ئازاد نەكەن و ڕەوانەی ئاسایشیان بكەن بۆ پڕكردنەوەی بەڵێننامە".
ئەو پارێزەرە وتیشی "پاش گواستنەوەی چالاكەكان بۆ ئاسایش، وتوویانە: فەرمانبەرە یاساییەكەمان كە بەڵێننامەیان پێ پڕ دەكاتەوە، لێرە نییە، بۆیە بیانبەنەوە بۆ چاكسازی تا سبەینێ".
بەشدار حەسەن ئەو مامەڵەی نێوان ئاسایش و چاكسازی بە چالاكانی شیلادزێوە بە "دەستی دەستی پێ كردن" ناو دەبات و دەڵێت "ئەو هەموو خێزانەی سزادراوەكان بەم سەرمایە لە شیلادزێوە هاتوون بۆ بردنەوەی ڕۆڵەكانیان، كەچی ئازادیان نەكردن".
پێشتریش بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، كاتژمێر 3:20 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ بە پەرەگرافی وت "ئێستا ئۆتۆمبێلی ئاسایش لەبەردەم چاكسازیی گەورانی هەولێر وەستاوە بۆ گواستنەوەی ئەو چالاكانە بۆ ئاسایش، تا لەوێ بەڵێننامەیان پێ پڕ بكەنەوە".
پەرەگراف سەبارەت بە ناوەرۆكی ئەو بەڵێننامەیە و یاسایی یان نایاساییبوونی پرسیاری لە بەشدار حەسەن كرد، ئەو پارێزەرە لە وەڵامدا وتی "ئەوان بە حیساب دەڵێن یاساییە، بەڵام شتێكی نایاسایی و زۆر بێ مانایە، كە تێیدا بەڵێن لەو كەسانە وەردەگیرێت بەشداریی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و گردبوونەوە و دژایەتیی حكومەت نەكەن".
دوێنێ سزای چوار لە سزادراوانی شیلادزێ تەواو بوو و دادگای تاوانەكانی دووی هەولێریش بڕیاری ئازادكردنیانی دەركرد، بەڵام بەهۆی دوو هەڵەی چاپەوە ئازادكردنەكە بۆ ئەمڕۆ دواكەوت.
پێنجەم چالاكی سزادراوی بادینان كە (ئەمجەد یوسف)ـە، سبەی 13-12-2022 سزاكەی تەواو دەبێت و ئازاد دەكرێت.
ئەو چوار چالاكەی كە بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بكرێن، هەریەك لە (كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، مەحموود ناجی و یوسف شەریف)ن.
ئەو پێنج چالاكەی شیلادزێ ڕۆژی 16-5-2022 بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان" سزای دوو ساڵ زیندانیكرنیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو چالاكانە و كەسوكار و پارێزەرەكانیشیان ئەو تۆمەتانەیان ڕەت كردەوە و وتیان "هیچ بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لەبەردەمی دادگادا نەبووە".
پێنج چالاكەكەی شیلادزێ لە هەڵمەتی دوای خۆپیشاندانەكانی ئەو شارۆچكەیە لەگەڵ دەیان كەسی دیكە دەستگیر كران، دوای نزیكەی ساڵێك و شەش مانگ مانەوە لە زیندانی ئاسایشدا، پاشان دادگایی كران.