لەبەر پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەكی "نایاسایی" ئاسایش، ‏ئازادكردنی چالاكانی شیلادزێ‌ بۆ سبەی دواخرا

12-12-2022 03:41

پەرەگراف

چوار چالاكی سزادراوی شیلادزێ‌ كە ماوەی دوو ڕۆژە ‏سزاكەیان تەواو كردووە، ئازاد نەكراون. ئەمڕۆ ‏ئازادكردنیان بەهۆی پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەك لە ‏ئاسایش دواكەوت، كە پارێزەرێكیان دەڵێت "ئەو ‏بەڵێننامەیە نایاساییە". كەسوكاری ئەو چالاكانە كە ماوەی ‏دوو ڕۆژە چاوەڕێی ئازادبوونی ڕۆڵەكانیانن، ئەمڕۆیش بە ‏بێهیوایی گەڕانەوە ماڵەوە.‏

بەشدار حەسەن، پارێزەر لە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی ‏چالاكانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "ئێوارەی ئەمڕۆ ‏ئاسایش داوایان لە چاكسازیی گەورانی هەولێر كردووە كە ‏ئەو چالاكانە ئازاد نەكەن و ڕەوانەی ئاسایشیان بكەن بۆ ‏پڕكردنەوەی بەڵێننامە".‏

ئەو پارێزەرە وتیشی "پاش گواستنەوەی چالاكەكان بۆ ‏ئاسایش، وتوویانە: فەرمانبەرە یاساییەكەمان كە ‏بەڵێننامەیان پێ‌ پڕ دەكاتەوە، لێرە نییە، بۆیە بیانبەنەوە ‏بۆ چاكسازی تا سبەینێ‌".‏

بەشدار حەسەن ئەو مامەڵەی نێوان ئاسایش و چاكسازی ‏بە چالاكانی شیلادزێوە بە "دەستی دەستی پێ‌ كردن" ناو ‏دەبات و دەڵێت "ئەو هەموو خێزانەی سزادراوەكان بەم ‏سەرمایە لە شیلادزێوە هاتوون بۆ بردنەوەی ڕۆڵەكانیان، ‏كەچی ئازادیان نەكردن".‏

پێشتریش بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی ‏دەستگیركراوانی بادینان، كاتژمێر 3:20 خولەكی ئێوارەی ‏ئەمڕۆ بە پەرەگرافی وت "ئێستا ئۆتۆمبێلی ئاسایش ‏لەبەردەم چاكسازیی گەورانی هەولێر وەستاوە بۆ ‏گواستنەوەی ئەو چالاكانە بۆ ئاسایش، تا لەوێ‌ ‏بەڵێننامەیان پێ‌ پڕ بكەنەوە".‏

پەرەگراف سەبارەت بە ناوەرۆكی ئەو بەڵێننامەیە و ‏یاسایی یان نایاساییبوونی پرسیاری لە بەشدار حەسەن ‏كرد، ئەو پارێزەرە لە وەڵامدا وتی "ئەوان بە حیساب دەڵێن ‏یاساییە، بەڵام شتێكی نایاسایی و زۆر بێ‌ مانایە، كە تێیدا ‏بەڵێن لەو كەسانە وەردەگیرێت بەشداریی ناڕەزایی و ‏خۆپیشاندان و گردبوونەوە و دژایەتیی حكومەت نەكەن".‏

دوێنێ‌ سزای چوار لە سزادراوانی شیلادزێ‌ تەواو بوو و ‏دادگای تاوانەكانی دووی هەولێریش بڕیاری ئازادكردنیانی ‏دەركرد، بەڵام بەهۆی دوو هەڵەی چاپەوە ئازادكردنەكە بۆ ‏ئەمڕۆ دواكەوت.‏

پێنجەم چالاكی سزادراوی بادینان كە (ئەمجەد یوسف)ـە، ‏سبەی 13-12-2022 سزاكەی تەواو دەبێت و ئازاد ‏دەكرێت.‏

ئەو چوار چالاكەی كە بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بكرێن، هەریەك ‏لە (كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، مەحموود ناجی و یوسف ‏شەریف)ن.‏

ئەو پێنج چالاكەی شیلادزێ‌ ڕۆژی 16-5-2022 بە ‏تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی ‏كوردستان" سزای دوو ساڵ زیندانیكرنیان بەسەردا ‏سەپێندرا. ئەو چالاكانە و كەسوكار و پارێزەرەكانیشیان ‏ئەو تۆمەتانەیان ڕەت كردەوە و وتیان "هیچ بەڵگەیەك بۆ ‏سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لەبەردەمی دادگادا نەبووە".‏

پێنج چالاكەكەی شیلادزێ لە هەڵمەتی دوای ‏خۆپیشاندانەكانی ئەو شارۆچكەیە لەگەڵ دەیان كەسی ‏دیكە دەستگیر كران، دوای نزیكەی ساڵێك و شەش مانگ ‏مانەوە لە زیندانی ئاسایشدا، پاشان دادگایی كران.‏