بافڵ تاڵەبانی: بۆشایی فەرماندە ئاکام بە ئاسانی پڕنابێتەوەو ئەو هێزەی دروستیکرد بە هیچ ڕەشەبایەک نانووشتێتەوە

12-12-2022 08:51

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بەبۆنەی کۆچی دوایی ئاکام عومەر فەرماندەی ھێزی کۆماندۆ بڵاوکردەوەو دەڵێت: ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیکردبوو بەهیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی

ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە.

ئەمڕۆ کە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیەنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برادڵسۆز و تێکۆشەرەمدا هەبوو. ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوولەپێناو سەرفرازیی کوردستان و هاوخوێنەکانی. ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لەرووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام هێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت.

گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیک و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و هێزە تۆکمەکەی بە دوژمنیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە.

باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیکردبوو بەهیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان هەموویان بە هەمان رۆحییەت و لەپێناو ئەو بەها باڵایانەی فەرماندەکەیان بەرگری لێدەکرد،مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە، کە ئەمەش لوتکەی وەفاداری و قوربانیدانە.

درود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاکام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەکەی دەدەم تاوەکو دوا هەناسە پێشمەرگەیەکی گیانلەسەردەستی کوردستانەکەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵکەکەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێکۆشەرەمان شاد دەکەین.

لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاکام دەکەینە چرای رێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان