پارتی مانۆڕێکی سیاسی ئەنجام دەدات

13-12-2022 01:51

پەرەگراف

پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕێکی نوێی سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەستپێدەکات بە ئامانجی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی لەگەڵ حزبەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بەتایبەت لەگەڵ یەکێتی.

مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی بە میدیاکانی حیزبەکەیی وت، شاندی پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات و یەکەم سەردانی سبەینێ بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی دەبێت.

ناکۆکیی سەرەکیی پارتی لەگەڵ یەکێتییە کە بەهۆیەوە قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، وتەبێژی پارتی ئەوە دەخاتەڕوو، ئامادەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و سەردانی ئەوانیش دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەو حزبە کردووە.

"ئێمه‌ وه‌كو پارتی ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ین و له‌ نامه‌كه‌ماندا ئه‌وه‌ی تێدایه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه(یەکێتی)‌ تێبینیتان له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت هه‌یه‌، ئێمه‌ش زۆر تێبینیمان له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌مووی پێویستی به‌ دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان" مەحمود محەمەد وادەڵێت.

لەدوای کوژرانی هاوکار جاف بە بۆمبی چیندراو لە هەولێر، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گەیشتە ئەو پەڕی گرژیی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش پەنجەی تۆمەتی بۆ بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی ڕاکێشا کە لە پشت ئەو ڕووداوەوە بن.

لەگەڵ دۆسیەی هاوکار جافدا، دۆسیەی ئەژی ئەمین کە یەکێتی لە حیزبەکەی دوورخستووەتەوەو پارتی لە هەولێر بایەخی تایبەتی پێداوە، بەشێکی دیکەن لە هۆکاری کێشەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە.

هاوکات بافڵ تاڵەبانی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکی دیکەی نێوان حیزبەکەی و پارتی لادا کە تایبەتە بە پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی و دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێتەوەو دەڵێت: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.

تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشکی خستەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عێراق.

بافڵ تاڵەبانی ڕەخنە لە پارتی دەگرێت کە "بودجەی سلێمانی ڕاگرتووە"و وتی: حکومەتی هەرێم زۆر بە سیاسی کراوەو دوو ئیدارەییەکی ئەمری واقیع هەیەو سلێمانی دەبێت خۆی بودجەی خۆی دابین بکات.

بەپێی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دروستکردنی بۆرییەکی نوێی گازە بۆ هەناردەی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا کە دەتوانرێت دواتریش سوودی لێوەربگیرێت بۆ ناردنە دەرەوەی گاز بۆ تورکیا، دروستکردنی ئەو بۆرییە دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردووەو لە کاتێکدایە کێڵگەو سەرچاوەی گازەکە لە ناوچەی حکومڕانی یەکێتیدایەو بووەتە بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەداو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ڕێگەیان بە کارکردنی کۆمپانیاکە نەداوەو بە پڕۆژەکەیان سڕ کردووە.

بەپێی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، بافڵ تاڵەبانی بەشێوەیەکی شەخسیی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، بەو پێیەی بە وتەی ئەو گرێبەستەکە بە "هیچ پڕۆسەیەک" و بە "بێ تەندەر" دراوە بە کارگروپ، دەڵێت "کارگروپ گرێبەستەکەی نەبردەوە، بەڵکو پێیدرا. ئەمە سوکایەتییە بە خەڵکی کوردستان و عێراق کە ئەم شتانە ڕوو بدەن".

سەرۆکی یەکێتی باسلەوەش دەکات، دەیانەوێت بەشداربن لە بڕیاردانی ستراتیژی سەبارەت بە کەرتی وزە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوانی لە پڕۆسەکە دوورخستووەتەوە.

لە ناو ئەو کێشەو ناکۆکییانە لەگەڵ پارتی، هەماهەنگیی و کاری پێکەوەیی یەکێتی لەگەڵ بەغداد تادێت سەرنجڕاکێشتر دەردەکەوێت، بافڵ تاڵەبانیش ئەوە ناشارێتەوە.

"من لەوە تێناگەم بۆچی ئیرادەیەک نییە بۆ کارکردن لەگەڵ بەغداد" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت، دەشڵێت "بەسرە هەزار جار دەوڵەمەندترە لە تەواوی کوردستان. تەنها بەسرە. ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت بۆلام و پێم بڵێ، ئا بافڵ وەرە قۆرییە بچوکەکەی خۆت بخەرەسەر ئەم مێزە بۆ ئەوەی ببیت بە بەشێک لەم مێزە زەبەلاحە کە بەسرەشی تێدایە، ئەوە بۆ من وەکو ڕێککەوتنێکی بێوێنە وایە".