بەغداد 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ مووچە

13-12-2022 04:26

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 11و 12.

بەپێی نووسراوێکی محەمەد شیاع سودانی، ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و بەرنامەی کابینەکەدایە كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە.

پارتی و یەكێتی بەشێكن لە ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکھێنەری حکومەتی نوێی عێراقە.

بڕیاری ناردنی ئەو پارەیە لەکاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم ھێشتا مووچەی مانگی ١١ی بە تەواوەتی دابەش نەکردووەو چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ دیارنییە.

ھاوکات شاندێکی حکومەتی ھەرێم کە وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەتی تێدایە، ماوەی ٣ ڕۆژە لە بەغدان بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسیەکانی نەوت و بودجەو گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پشکی ھەرێم لە بودجەی ساڵی داھاتووی عێراق.

شاندەکەی ھەرێم ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە، وەزارەتی نەوت دەڵێت، تاوتوێی کاراکردنی لیژنەی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.