پەرەگراف
تیمی پارێزەرانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان، دەڵێت: ئەمە چ ویژدانێکە؟! کەسوکاری چالاکانی شیلادزێ لەبەر سەرمادا چاوەڕێی ڕۆڵەکانیانن و ئاسایشی هەولێر ئازادیان ناکات.
تیمی پارێزەرانی بەرگریکار لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "دوو ڕۆژە پێنچ چالاکوانی شیلادزێ بە بڕیاری دادگا ئازاد کراون، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵە بە ناحەق لە زیندانن و ئێستاش ماوەی حوکمەکانیان تەواو کردووە، بەم سەرماوسۆڵە لە بەیانییەوە کەسوکاریان کە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە، لەبەردەم ئاسایشی گشتیی هەولێرن و لە چاوەڕوانیی ئازادکردنی ڕۆڵەکانیانن، بەڵام ئاسایش ئازادیان ناکەن، ئەمە چ ویژدانێکە؟!".
تیمی پارێزەران دەشڵێت "ئەم هێشتنەوەیان لە ئاسایش سەرپێچیی یاسایە"،و داوا لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و نێردە دیبلۆماتییەکان دەکەن "بێنە دەنگ و ئەم زوڵمەی لەم پێنچ چالاکوانە دەکرێت، قبووڵی نەکەن و دەستبەجێ ئازاد بکرێن".
ئازادنەکردنی ئەو چالاکانە بەپاساوی پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەكە لە ئاسایش، پێشیر بەشدار حەسەن پارێزەری چالاکانی شیلادزێ بە پەرەگرافی وت "شتێكی نایاسایی و زۆر بێ مانایە، كە تێیدا بەڵێن لەو كەسانە وەردەگیرێت بەشداریی ناڕەزایی و خۆپیشاندان وگردبوونەوە و دژایەتیی حكومەت نەكەن".
ئەو پێنج چالاكەی كە بڕیارە ئازاد بكرێن، هەریەك لە (كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، مەحموود ناجی، یوسف شەریف و ئەمجەد یوسف)ن.
ئەو پێنج چالاكەی شیلادزێ ڕۆژی 16-5-2022 بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان" سزای دووساڵ زیندانیكرنیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو چالاكانە و كەسوكار و پارێزەرەكانیشیان ئەو تۆمەتانەیان ڕەت كردەوە و وتیان "هیچ بەڵگەیەك بۆسەلماندنی ئەو تۆمەتانە لەبەردەمی دادگادا نەبووە".
پێنج چالاكەكەی شیلادزێ لە هەڵمەتی دوای خۆپیشاندانەكانی ئەو شارۆچكەیە لەگەڵ دەیان كەسی دیكە دەستگیر كران، دوای نزیكەی ساڵێك و شەش مانگ مانەوە لە زیندانی ئاسایشدا، پاشان دادگایی كران.