سەرۆکى شاندى هەرێم: مەبدەئییەن موچەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستانمان گەرەنتى کردوە

13-12-2022 08:40

پەرەگراف

سەرۆکى شاندى هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد دەڵێت، مەبدەئییەن موچەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستانیان گەرەنتى کردوەو ئەمجارە لە سەردانى جارەکانى دیکەیان بۆ بەغدا گەشبینترن.

ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایی کە سەرۆکایەتى شاندى هەرێم دەکات لە کۆبونەوەکان لەگەڵ بەغداد بۆ کەناڵى (کەى ئێن ئێن)ى حیزبەکەی گەشبینى خۆى خستەڕوو لە دەرەنجامى کۆبونەوەکانى چەند رۆژى رابردو لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى حکومەتى عێراق و وتی: لەسەر خەرجى بەڕێوەبردن و میلاکات گەیشتوینەتە رێککەوتن.

"مەبدەئیەن موچەى موچە خۆرانى هەرێمى کوردستانمان گەرەنتى کردوە و جەختمان کردوەتەوە لەوەى نابێت موچە تێکەڵى ناکۆکىسیاسى بکرێت، دەشمانەوێت کێشەکانى نەوت بە یاسا چارەسەر بکرێ و بۆ چارەسەرى کێشەکان لە نێوان هەرێم و عێراقیش دەستور حەکەمە" وەزیری دارایی ھەرێم وادەڵێت.

ئاوات شێخ جەناب دوپاتى دەکاتەوە، دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران پەیوەستە بە رێککەوتنى حکومەتى هەرێم و عێراق ودەشڵێت "هەر کاتێک پێویست بێت لەپێناو چارەسەرى کێشەکان دێینەوە بەغدا".

شاندەکەی ھەرێم کە وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەتی تێدابوو، ماوەی ٣ ڕۆژ لە بەغداد بوون بۆ گفتوگۆ لەسەردۆسیەکانی نەوت و بودجەو گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پشکی ھەرێم لە بودجەی ساڵی داھاتووی عێراق.

شاندەکەی ھەرێم ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە، وەزارەتی نەوت دەڵێت، تاوتوێی کاراکردنی لیژنەی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.