تیمی یەكێتی لە حكومەت: ڕاگەیەندراوی حكومەت دەربارەی ٤٠٠ ملیار دینارەكە بە توندی ڕەت ‏دەكەینەوە

13-12-2022 10:18

پەرەگراف

تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم ئەو ڕاگەیەندراوەی كە "بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە" ‏دەربارەی ٤٠٠ ملیار دینارەكە بڵاو كراوەتەوە، "بە توندی" رەت دەكاتەوە و دەڵێت " "ئەوەی باس ‏كراوە لەو ڕاگەیەندراوە، بێڕێزییە بەرامبەر تیمەكەمان". ‏

تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەشڵێت "كارێكی ناڕەوایە (ناردنی 400 ملیار ‏دینارەكە) بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس و لەم بابەتانەش وەك هەمیشە تاكڕەوەی بچەسپێندرێت بە ‏پەراوێزخستنی ڕاستییەكان".‏

دەقی ڕاگەیەندراوی تیمی یەكێتی لە حكومەت:‏

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بریاریدا لەسەر خەرجكردنی ٤٠٠ ملیار دینار ‏بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای برگەی ٢٣/ج لە رێككەوتنی سیاسیی لایەنەكانی پێكهێنەری ‏حكومەتی عێراق كە زۆربەی لایەنە سیاسیەكان ئیمزایان لەسەر كرد و بە ڕاگەیاندنی ‏هاوپەیمانییەتییەك بەناوی ئیدارەی دەوڵەت و رێككەوتنەكە بووە كارنامەی كابینەی بەڕێز محەممەد ‏شیاع سودانی و متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا و لە ئێستادا بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە ‏كەوتوونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و لەناویاندا پرسی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ‏‏٢٠٢٢‏‎.‎

‎هەر دەستكەوتێك بۆ گەلەكەمان بێت، جێی شانازیی و پێزانینی زۆرە لەلای یەكێتیی نیشتمانیی ‏كوردستان ئیدی هەركەس ولایەنێك بەئەنجامی گەیاندبێت، و تیمە وەزارییەكەی یەكێتی لە كابینەی ‏نۆیەمی حكومەتی هەرێم، هەمیشە داكۆكیكردن لە مافی هاوڵاتیان بە ئەركی لەپێشینەی خۆی زانیوە، ‏بۆیە بە گەرمی پێشوازی لە بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین‎.‎
هەر بۆیە تیمی یەكێتی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە پێویستی زانی هەندێك زانیاری ‏دروست بڵاو بكاتەوە‎:‎

‎یەكەم‎:‎
‎شاندی دانووستانی حكومەتی هەرێم كە ئێستا لەبەغدادە، بە بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ‏پێكهاتووە، گەڕی یەكەمی دانووستانەكان بۆ ماوەی یەك هەفتە بە سەرۆكایەتی دكتۆر دارا رەشید ‏وەزیری پلاندانان و‎ ‎ئەندامیەتی دكتۆر ئامانج رەحیمی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە كە هەردووكیان ‏لە تیمی یەكێتییە لەگەڵ بەڕێزەكانی تری وەفدەكە‎. ‎

دووەم‎:‎
ئەم ٤٠٠ ملیارە لەسەر بنەمای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە كە ‏حكومەتی عێراقییان پێك هێنا بەسەرۆكایەتی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، بۆ وەبیرهێنانەوەش ‏هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە چەند ڕۆژی رابردوو لەماڵی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد كۆبوونەوە‎.‎

‎سێیەم‎:‎
‎دیاری كردنی بڕی ٤٠٠ ملیارەكەش بۆ مانگی ١١ و ١٢ی ٢٠٢٢، لەسەر بنەمای یاسای بودجەی ‏‏٢٠٢١ بووە كە ئەوكات شاندی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك ‏وەزیران لەگەڵ حكومەت و پەرلەمانی عێراق رێككەوتن و لە یاسای بودجەی ئەو ساڵە جێگیر كرا و ‏ئێستاش لەسەر ئەو بنەمایە ئەو پارەیە دیاری كرا لە رێككەوتنی لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر ‏حكومەتی عێراقی خستییە بواری جێبەجێ كردنەوە وەك هەموو بڕگەكانیتری رێككەوتنەكە‎.‎

‎لە كۆتاییدا دووپاتی دەكەینەوە كە؛ مایەی دڵخۆشی ئێمە و دەستخۆشییەكی زۆرە بۆ حكومەتی فیدراڵ ‏و هەموو ئەو كەسانەی بەشدار بوون لە دەرچواندنی ئەم بڕیارە راست و درووستە، بەڵام كارێكی ‏ناڕەوایە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس و لەم بابەتانەش وەك هەمیشە تاكڕەوەی بچەسپێندرێت بە ‏پەراوێزخستنی راستییەكان‎. ‎

‎ ‎ئێمە بەتوندی راگەیەندراوەكە كە بە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كراوەتەوە دەربارەی ‏‏٤٠٠ ملیار دینارەكە رەت دەكەینەوە، چونكە ئەوەی باس كراوە لەو راگەیەندراوە بێڕێزیە بەرامبەر ‏تیمەكەمان. ئێمە وەك بەشێكی سەرەكی ئەم حكومەتە رایدەگەیێنین كە؛ بە هیچ شێوەیەك ئەوە ‏راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە، بەڵكو دووبارە تەعبیركردنە لە ڕای یەك حزبی ناو ‏حكومەت. هەر ئەو جۆرە تاكڕەویەشە كە ئێمەی نیگەران كردووە و وای لێ كردووین هەڵوێستمان ‏هەبێت‎.‎

‎تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان