وەزیری تەندروستی داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕتی دەکات

07-04-2020 04:09

پەرەگراف

وەزیری تەندروستی ھەرێم داوا لە داواکاری گشتیی دەکات ڕێکاری یاسایی لە دژی ێێن ئاڕتی بگیرێتەبەر بە داخستنی کەناڵەکە، ئەوەش بە پاساوی بڵاوکردنەوەی "ڕاپۆرتی چەواشەکاریی و ناڕاست" تایبەت بە پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیرى تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە هاتووە، "کەناڵی NRT لە رێکەوتی ٥ی ٤ی ٢٠٢٠ راپۆرتێکی سەبارەت بە ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدانی نەخۆشی کۆرۆنا کرد لە هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتەکەدا وەزارەتی تەندروستیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە راستییەکان دەشارنەوە و بە هەڵە ئامارەکان رادەگەیەنن بۆ مەرامی خۆیان بە تایبەت پێنەدانی موچە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە بێ ئەوەی پشت ببەستێ بە هیچ سەرچاوەیەکی زانستی پزیشکی."

وەزیری تەندروستی لە نووسراوەکەدا کە دوێنی ئاڕاستەی داواکاری گشتی کردووە، دەشڵێت "ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستیی ئەم راپۆرتە بە چەواشەکاری و ناڕاست دەزانین هۆکارێکە بۆ هاندانی خەڵک بۆ پیشێلکردنی سەرجەم رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ."

لە نووسراوەکەدا هاتووە "داواکارین رێکاری یاسایی توند بگیرێتەبەر بە داخستنی کەناڵی NRT و هەواڵەکردنی بۆ دادگا بۆ ئەوەی رێگە بگیرێت لە کەناڵی ناوبراو کە لە کات و ساتێکی وا هەستیار و ترسناک یاری بە ئامارەکان نەکات و ببێتە هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی".