بەلەمێكی كۆچبەران ژێرئاو كەوت، 43 كۆچبەر ڕزگار كراون و سێ‌ تەرم دۆزراونەتەوە

14-12-2022 03:35
وێنەی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی كۆچبەرەكان

پەرەگراف

بەلەمێكی كۆچبەران بە دەیان كۆچبەرەوە لە ئاوەكانی بەریتانیا ژێرئاو كەوت. تا ئێستا 43 كۆچبەر ڕزگار كراون، چەند تەرمێك دۆزراونەتەوە و ژمارەیەك كۆچبەریش بێسەروشوێنن.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیكەی كاتژمێر 03:00 بە كاتی جیهانی، لە كەناراوەكانی دونگنێس كە 30 میل لە ڕۆژئاوای دۆڤەرەوە دوورە، بەلەمێكی كۆچبەران نوقم بووە".

سەرۆكی دەزگای لوتكە دەڵێت "تا ئێستا ژمارەی كۆچبەرەكان و ناسنامەیان نەزانراوە، بەڵام 43 كۆچبەر ڕزگار كراون و تەرمی سێ‌ كۆچبەریش دۆزراوەتەوە، ژمارەیەك كۆچبەریش بێسەروشوێنن".

ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی گەڕان و ڕزگاركردنی كرچبەرە بێسەروشوێنەكان لە ئاوەكانی نێوان كێنت و فەرەنسا لە بارودۆخی ئاوی بەستوودا دەستی پێ كردووە.

"شەوی سێشەممە پلەكانی گەرما لە بەریتانیا بۆ یەك پلەی سەدی دابەزیوە، بێگومان لە دەریادا ساردتر بووە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە پێدەچێت بەهۆی ئەو سەرما زۆرەوە گرفت بۆ كۆچبەرەكان و بەلەمەكەش دروست بووبێت و هەر ئەمەش بووبێتە هۆی نوقمبوونی بەلەمەكەیان"، ئاری جەلال وا دەڵێت.