هێمن مامەند لەسەر داوای وەزیری ناوخۆ دەستگیر كراوەتەوە؛ پارێزەرەکەی وادەڵێت

07-04-2020 07:15
وەزیری ناوخۆ - هێمن مامەند


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

هێشتا 24 كاتژمێر بەسەر ئازادبوونیدا تێپەڕ نەبوبو، هێزێكی ئەمنیی لە هەولێر شەوی ڕابردوو چوونەوەسەر ماڵی هێمن مامەند، ڕۆژنامەنووس‌و چالاكی مەدەنی‌و دەستگیریان كردەوە.

دەستگیركردنەوەی هێمن، لەسەر داوایەكی وەزیری ناوخۆی هەرێم بووە لە ڕێی داواكاری گشتییەوە. هێمن پێشتر لە 24-3-2020 دەستگیر كراو دوای 12 ڕۆژ مانەوەی لە زیندان، بە كەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد كرا.

 "بە تۆمەتی ناوزڕاندنی پۆلیس لەو لێدوانەی دوای ئازادكردنی بۆ كەناڵی ئێن ئاڕتی داویەتی، لەسەر داوایەك لەلایەن داواكاری گشتی كە لەسەر داوای وەزیری ناوخۆ جوڵاندوویەتی، دادوەری لێكۆڵینەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووەو شەوی ڕابردوو هێزێك چووەتەسەر ماڵیان‌و دەستگیریان كردووە" بەشدار حەسەن پارێزەری هێمن بۆ پەرەگراف وادەڵێت.

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی‌و هەڵوێستیان پەیوەندیكرد بە سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام بەردەست نەبوو، لە ڕێی نامەی وەتسئەپ داوای لێكرا لێدوان لەو بارەیەوە بدات، هەرچەندە نامەكەی بینی، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

پارێزەرەكەی هێمن ڕەخنە لە شێوازی دەستگیركردنەكەی دەگرێت‌و دەڵێت "شێوازەكە هەردوو جارەكە نایاسایی بووە، چونكە تەنها فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، بەڵام ئەوان چوونەتەسەر ماڵەكەی‌و بە كەلەپچەكراوی بردوویانە".

لە 24-3 بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن هێمن دەستگیر كرا، ئەوەش لەسەر نووسینێكی لە فەیسبوك كە ڕەخنەی لە دواخستنی مووچە گرتووە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، دەستگیركردنی لەسەر سكاڵای داواكاری گشتی بووە، پارێزەرەكەی دەڵێت، جارێ نازانن كێ داوای لە داواكاری گشتی كردووە سكاڵای لەسەر بجوڵێنێت. دەستگیركردنی شەوی ڕابردوویشی بە تۆمەتی تەشهیركردنە بە هێزەكانی پۆلیس.

هێمن دوێنێ دوای ئازاد كردنی قسەی بۆ كەناڵی ئێن ئاڕتی كردو ڕەخنەی تووندی لە شێوازی دەستگیركردنەكەی گرت، لە قسەكانیدا دەڵێت، 24-3 سەعات 9ی شەو لەبەرچاوی دایكی پەلاماریانداوە، هێزەكە بە "هێزێكی مافیایی" ناو دەبات‌و دەشڵێت"ئەگەر دەتەوێت دەستگیرم بكەیت تەبلیغێكم بۆ بنێرە دەچمە بەردەم دادگا، من ڕێز لە یاسا دەگرم".

ئەمە پێنجهەمین جارە هێمن لەسەر ڕەخنەو دەبڕینی بیروڕا دەستگیر دەكرێت، خۆی دەڵێت "ئەم سەرەی خۆم دانابێت واز لەم دەسەڵاتە ناهێنم تا دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بەرقەرار دەبێت. هەر جارێك دەستگیر دەكرێم بە گوڕترو ئیرادەیەكی تازە دێمەوە مەیدان دژی ناعەدالەتی‌و دزی‌و جەردەیی".

دەستگیركردنی هێمن كاردانەوەی فراوانی چالاكانی مەدەنیی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند لە حكومەت‌و دەسەڵاتی دادوەریی‌و بەرپرسانی شاری هەولێر گیرا.

ئێستا هێمن لە زیندانی گرتن‌و گواستنەوەی هەولێرە، پارێزەرەكانی سبەینێ داواكاریی پێشكەش بە دادوەر دەكەن تا بە كەفالەت ئازاد بكرێت، هەرچەندە پارێزەرەكەی دەڵێت، ئەو ماددە یاساییەی پێی دەستگیركراوە كەفالەت دەیگرێتەوە، بەڵام دەستگیركردنەكەی پێشوویشی بەهەمان شێوە كەفالەت دەیگرتەوەو ئازاد نەكرا تا 12 ڕۆژی لە زیندان بەسەر برد.