دادگای فیدراڵی یەکەم دانیشتنی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا

18-12-2022 02:18
ساتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ناڕەزایی سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ. ٩-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی یەکەم دانیشتنی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامداو ئەو چوار داوایاساییەی یەکخست کە دژی درێژکردنەوەکە تۆمار کرابوون.

لە دانیشتنەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، پارێزەر و نوێنەری پەرلەمانی کوردستان داوای کاتیان کرد بۆ وەڵامدانەوەی داواکان، نوێنەری سەرۆکایەتیی ھەرێمیش داوای کرد کە ئەو داوایانەی لەسەر ئەوان کراون رەد بکرێنەوە.

دواتر دادگا دادبینییەکەی دواخست بۆ ١٥/ ١/ ٢٠٢٣ بۆ پێدانی کات بە داوا لەسەرکراوان بۆ وەڵامدانەوەی داواکان.

چوار داوای یاسایی لە دادگاکە تۆمارکراون لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، داواکان سیانیان لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار کراون، یەکەم داوا لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرا، پاشان هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکەو کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان داوای یاساییان بۆ هەمان مەبەست لە دادگاکە تۆمار کرد.

دواتریش یوسف محەمەد سەرۆکی پیشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر هەمان بابەت داوایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد سەبارەت بە نادەستوری بونی دەرچونی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دیکەی ھەرێم، داوای ھەڵوەشاندنەوەی یاساکەیان کرد.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوەی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.