وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: خەرجیی مانگانەی كۆكردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك نزیكەی 10 ملیار دینارە

18-12-2022 03:11

پەرەگراف

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت "پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك لە هەرێمی كوردستان، مانگانە نزیكەی 10 ملیار دینار لەسەر حكوومەت دەكەوێت".

ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زانیاریی دەربارەی بڕی خۆڵ و خاشاكی ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان و گرێبەست و تێچووی پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی بڵاو كردەوە و دەڵێت "بایەخێكی زۆر" بە پرۆسەكە دەدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەكە بڵاوی كردوونەتەوە، لە هەرێمی كوردستان "32 گرێبەستی خاوێنكردنەوە بۆ كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك هەن".
وەزارەتەكە دەشڵێت "قەبارەی خاشاك بەپێی وەرزەكان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی قەبارەكەی لە نێوان (6000 بۆ 6500) تۆن دەبێت لە ڕۆژێكدا و بۆ هەر مانگێك خەرجییەكەی نزیكەی 10 ملیار دینار لەسەر حكوومەت دەكەوێت".

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی خاشاك بە "پرۆسەیەكی ڕۆژانە و قورس" ناو دەبات كە "دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بەردەوامی چاودێری و سەرپەرشتیی دەكەن".

پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك كە دراوە بە كەرتی تایبەت و حكومەت تێچووەكەی دەدات، زۆر جار بەهۆی دواكەوتنی پارەی كۆمپانیاكان و مانگرتنی ژنگەپارێزانەوە گرفتی بۆ دروست دەبێت، جگە لەوە كە تا ئێستا حكومەت نەیتوانیوە پرۆسەی ڕیسایكڵینی خۆڵ و خاشاك بە باشی سەرپێ‌ بخات، كە هەڵڕشتن و سووتاندنی هەڕەمەكیی خۆڵ و خاشاك لە زۆر شوێن كێشەی ژینگەیی و تەندروستیی دروست كردووە.