دەزگای لووتكە: لەمساڵدا 24 كۆچبەری عێراق و هەرێم بوونەتە قوربانی

18-12-2022 05:21

پەرەگراف

بەپێی ئاماری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لەمساڵدا "زیاتر لە 71 هەزار و 225" كۆچبەری عێراق و هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی ئەورووپا داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە".

ئەو ئامارەی ڕێكخراوەكە، كۆچبەرانی خوار تەمەن 18 ساڵ ناگرێتەو، چونكە دەزگای لوتكە دەڵێت "ئەو كۆچبەرانە تۆمار ناكرێن". هەروەها چەندین كۆچبەری دیكەش كە هێشتا داواكارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پێشكەش نەكردووە، لەناو ئامارەكەدا نین.

ئەمڕۆ 18-12، لە ساڵی 2000ـەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بە ڕۆژی جیهانیی كۆچبەران دەستنیشان كراوە. لەم ڕۆژەدا ڕێكخراوەكانی كۆچبەران و پەنابەران ئامارەكان بڵاو دەكەنەوە و چالاكیی جیاواز بۆ هۆشیاری لەبارەی كۆچەوە پێشكەش دەكرێن.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران كە ڕێكخراوێكی كوردییە و لەسەر ئاستی عێراق كار دەكات، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی ئامارەكانی ئەمساڵی بڵاو كردەوە و هۆكاری كۆچی هاووڵاتیانی هەرێم و عێراقیش بۆ "ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی" دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی ئاماری دەزگای لوتكە "لە ساڵی 2022دا 24 كۆچبەری عێراق و هەرێم لە ڕێگای كۆچدا بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیە 17 كۆچبەریان گیانیان لەدەست داوە و حەوتیشیان بێسەروشوێن بوون".

هاوكات دەزگای لوتكە هاوكاری و كارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی "تەرمی 24 كۆچبەر" كردووە، هەروەها هاوكاریی "1320 كۆچبەر"ی كردووە كە بەڵگەنامەیان لەدەست داوە و لەسەر داواكاریی خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە ئاماری كۆچبەرانی بێسەروشوێنبوو، دەزگای لوتكە لە ئاماری كۆتایی ساڵدا بڵاوی كردووە كە كاری "ڕێكخستن و ناردنەوەی مەلەف و دێكیۆمێنت"ی بۆ كەیسی "240 كۆچبەری بێسەروشوێنبوو"ی عێراق و هەرێم كردووە.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت "حەوت ساڵی ڕابردوو ساڵانێكی پڕ لە كارەسات و تراژیدیا بووە بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان، تێیدا ملیۆنان هاووڵاتی لەسەر ئاستی و ناوخۆ و دەرەوە ئاوارە بوون، كە هەندێكیان لە ڕێگای چوون بۆ ئەورووپادا بوونەتە قوربانی".

سەبارەت بە بەراوردكاریی ئامارەكانی كۆچ لەمساڵ و پاردا، دەزگای لوتكە دەڵێت "ئامامارەكان نزیكن لە یەكەوە، لە ساڵی 2021دا، 73 هەزار و 325 كۆچبەر"ی عێراق و هەرێمی كوردستان داواكارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەناربەرێتی لە وڵاتانی ئەورووپا تۆمار كردووە.