هۆشدارییەکی تووند لە هاوپەیمانانەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە: بە یەکگرتوویی چاکسازیی بەردەوام نەبێت هاوکارییەکان ڕادەگرین

19-12-2022 01:42

پەرەگراف

هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشداریی دەدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەگەر بە یەکگرتوویی پڕۆسەی چاکسازیی بەردەوام نەبێت و وەزارەت دوورنەخرێتەوە لە دەستتێوەردانی حیزبیی و کێشەو ململانێکانی پارتی و یەکێتی، ئەوا سەرجەم هاوکارییەکانیان ڕادەگرن.

ئەو هۆشدارییە لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆی هاوپەیمانان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بووە، بە وتەی سەرچاوەیەکی باڵای پێشمەرگە بۆ پەرەگراف.

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاویکردەوە، شاندێکی وەزارەت بەسەرۆکایەتی فەریقی روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەو لیوا روکن بەختیار مەحەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەت، لەگەڵ شاندێکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ پیتەرز کۆبوونەوە.

"گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراو تیشکخرایە سەر هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی چاکسازی و پێکهێنانی فرقەکان و چەندین پرسی تایبەت بە بواری چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە" وەزارەتی پێشمەرگە وادەڵێت، دەشڵێت "هاوپەیمانان جارێکی تر پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبواری چاکسازی و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان دووپاتکردەوە".

هەرلەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە پەرەگرافی وت "شاندەکەی هاوپەیمانان زۆر نیگەران بوون لە ڕەنگدانەوەی کێشە حیزبییەکان لەناو وەزارەتی پێشمەرگەو بە ڕوونی چەندجارێک گوتیان کە ئەگەر بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی چاکسازییەکان لە وەزارەت بەردەوام نەبن، ئەوا سەرجەم هاوکارییەکانیان ڕادەگرن".

سەرچاوەکە وتیشی "هاوپەیمانان جەختیانکردەوە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ حیزب ناکەن و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە مامەڵە دەکەن وەک حکومەت، بۆیە نایانەوێت کێشەو ململانێی حیزبیی نێوان پارتی و یەکێتی ڕەنگدانەوەی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت".

ئەوە یەکەمجار نییە هاوپەیمانان فشاربکەن بۆ دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە وەزارەتی پێشمەرگەو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازیی، بەڵام وەک سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "ئەمجارە هەڵوێستەکانیان تووندتربوو لە جارەکانی پێشووتر".

ئەمەریکاو هاوپەیمانان بەردەوام فشار دەخەنەسەر پارتی و یەکێتی تا دەستبەرداری هێزەکانی پێشمەرگە ببن و بکرێتە هێزێکی نیشتمانی، بۆئەوەش هاوکاریی پێشکەش دەکەن و چاودێریی پڕۆسەیەکی یەکخستنەوەو چاکسازیی دەکەن لە وەزارەتی پێشمەرگە.

مانگی ٩ی ئەمساڵیش وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتیان واژۆ کرد، بەپێی یاداشتەکە ئه‌مه‌ريكييه‌كان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگە، لەگەڵ‌ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.

هەرلە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، لە ناوەڕاستی ئەمساڵ جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عيراق و سووريا و شاندێكى باڵاى سه‌ربازيى لەگەڵ نێچيرڤان بارزانى و بافڵ تاڵەبانی و بەرپرسانی باڵای پێشمەرگە کۆبوونەوەو پێشنیارێکی نوێیان خستەڕوو بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پڕۆسەی چاکسازیی.