دادگای باڵای بەریتانیا: ناردنی كۆچبەران بۆ ڕوواندا یاساییە و لەگەڵ مافەكانی ‏مرۆڤدا یەك دەگرێتەوە

19-12-2022 04:54

پەرەگراف

دادگای باڵای بەریتانیا لەبارەی كەیسی ناردنی كۆچبەران بۆ ڕووندا بڕیاری دا ‏و دەڵێت "پڕۆسەیەكی یاساییە و لەگەڵ مافەكانی مرۆڤدا یەك دەگرێتەوە".‏

ئەمڕۆ دادگای باڵای بەریتانیا ڕایگەیاند "پڕۆسەیەكی یاساییە كە حكومەتی ‏بەریتانی لەگەڵ حكومەتی ڕواندا ڕێك بكەوێت بۆ ناردنی كۆچبەران بۆ ئەو ‏وڵاتە تا لەوێ هەڵسەنگاندن بۆ دۆسیەكانیان بكرێت، ئەو هەنگاوە لەگەڵ ‏ڕێككەوتنی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ یەك دەگرێتەوە".‏

بەپێی بەرنامەیەكی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی ‏كۆچبەران، هەر كەسێك لە 1ی كانوونی دووەمی 2022ـەوە بە نایاسایی ‏چووبێتە ناو خاكی بەریتانیاوە، ڕەوانەی وڵاتی ڕوواندا دەكرێت، تا ئەو كاتەی ‏كەیسەكەی یەكلایی دەكرێتەوە.‏

هەرچەندە ئەو بڕیارەی حكومەتی بەریتانیا لەلایەن ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ‏مافەكانی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بووەتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە سوورە ‏لەسەر جێبەجێكردنی.‏

لەناو ئەو كۆچبەرانەی بڕیاری ڕەوانەكردن بۆ ڕوواندا دەیانگرێتەوە، ژمارەیەكی زۆر ‏كۆچبەری عێراق و هەرێمی كوردستان هەن.‏

بەپێی ئامارێك كە دوێنێ‌ 18-12-2022 دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و ‏پەنابەران بڵاوی كردەوە، زیاتر لە 71 هەزار و 225 كۆچبەری عێراق و ‏هەرێمی كوردستان تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا لە وڵاتانی ئەورووپا داوای مافی ‏پەنابەرێتییان كردووە.‏

بەشێكی زۆری كۆچبەرانی هەرێم ڕوو لە وڵاتی بەریتانیا دەكەن، بە هۆكاری ‏گونجاویی ئەو وڵاتە بۆ كار و دەستكەوتنی داهاتێكی باش، جگە لەوەی كە لە ‏بەریتانیا كۆچبەران بەر لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیش كاریان دەست ‏دەكەوێت.‏

بەپێی ئامارەكانی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ٢٠٢٢دا ‏‏١٧ كۆچبەری عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕێگای هەندەران گیانیان ‏لەدەست داوە و حەوتی دیكەش بێسەروشوێن بوون.‏

هەربەپێی ئامارەكان، ئەو زیاتر لە ٧١ هەزار كۆچبەرەی داوای مافی ‏پەنابەرییان كردووە، كۆچبەرانی خوار تەمەن 18 ساڵ ناگرێتەوە لەبەرئەوەی ‏ئەوان تۆمار ناكرێت و ئەوانەش ناگرێتەوە كە هێشتا داواكارییان بۆ وەرگرتنی ‏مافی پەنابەرێتیی پێشكەش نەكردووە.‏

دەزگای لوتكە هۆكاری كۆچی هاووڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ ناسەقامگیریی ‏بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە.‏