داواکاری گشتی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن: چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو بە تاوان ئەژمار دەکرێت

20-12-2022 03:03

پەرەگراف

داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکدا بۆ میدیا بینراو و بیستراوەکان داوایان لێ دەکات، لە ڕووماڵکردنی ڕووداوە نەخوازراوەکان و بەتایبەتی تاوانی کوشتن، لەکاتێکدا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەن، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن و ڕەچاوی ئیتیک و کاری میدیایی بکەن.

"چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو، بە تاوان ئەژمار دەکرێت… کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی ڕای گشتی دەبێت و دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە دادگا و دامودەزگاکانی حکومەت" داواکاری گشتی وادەڵێت.

ئەو ئاگادارکردنەوەیەکی داواکاری گشتی لە کاتێکدایە بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕووداوەکانی کوشتندا چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراوەکان ئەنجام دەدەن لەکاتێکدا تازە ڕووداوەکە ڕوویداوەو هەندێکجار بە دڵگەرمییەوە بەجۆرێک قسەدەکەن کە ڕەنگە لە دۆخی ئاساییدا بەوجۆرە نەبن.

هەروەها بەشێک لە کەناڵەکان لەکاتی ئەو جۆرە ڕووداوانەدا، مایک بۆ منداڵ ڕادەگرن و چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکانیان لێدەپرسن، ئەوەش کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ڕوبەڕوی ڕەخنەی پسپۆڕانی یاساو ئیتیک و دەروونی و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە.