پارتی: چاوەڕێین یەکێتی کاتی کۆبوونەوەی نێوانمان دیاری بکات

20-12-2022 03:33

پەرەگراف

پارتی چاوەڕێی یەکێتییە بۆ دیاریکردنی کاتێک تا دوو قۆڵی کۆببنەوە لەسەر کێشەو ناکۆکییەکانی نێوانیان، بە وتەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی.

عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە میدیاکانی حیزبەکەیی وت، "ئەگەر پێش سەری ساڵ کۆنەبینەوە، بەدڵنیاییەوە راستەوخۆ دوای سەری ساڵ کۆدەبینەوە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ یەکێتی هەیەو لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانی ئەو دوو حیزبەشەوە هاندان هەیە بۆ کۆبوونەوەو چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

دوێنێش هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییاندا بە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەگەر بە یەکگرتوویی پڕۆسەی چاکسازیی بەردەوام نەبێت و وەزارەت دوورنەخرێتەوە لە دەستتێوەردانی حیزبیی و کێشەو ململانێکانی پارتی و یەکێتی، ئەوا سەرجەم هاوکارییەکانیان ڕادەگرن.

ئەوە لەکاتێکدایە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ناوەڕاستی ئەم مانگە سەردانی لایەنەکانی دەستپێکردو ڕایگەیاند، چۆن لە ڕابردوودا لەگەڵ یەکێتیی نزیک بوون دەیانەوێت لە داهاتووشدا بەوشێوەیەبن و هەردوولا تێبینییان لەسەر یەکتر هەیە.

یەکەم سەردانی شاندی پارتی بۆلای یەکگرتووی ئیسلامی بوو، دوای کۆبوونەوەی نێوانیان وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، هاوڕابوون کێشەکان بە یەکگرتوویی چارەسەر بکرێن و بە یەکڕیزی ڕوبەڕوی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.

لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتی، مەحمود محەمەد وتی، هەردوولایان تێبینییان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردن هەیەو تێبینییەکان هی ئەوە نین لە ڕاگەیاندنەوە ئاڕاستەی یەکدیی بکەن و پێویستیان بە پێکەوەدانیشتن و گفتوگۆ هەیە.

ناکۆکیی سەرەکیی پارتی لەگەڵ یەکێتییە کە بەهۆیەوە قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، ١٣ی ئەم مانگەش تیمی وەزاریی پارتی و یەکێتی لە حکومەت دوو ڕاگەیەندراوی تووندیان لە دژی یەکتر بڵاوکردەوە لەبارەی پرسی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە.