ئەو پزیشكەی هێرشی كرایەسەر ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە؛ هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای لێبوردن دەكات

08-04-2020 01:12


پەرەگراف

"گەیشتمە نزیك فولكەی زیلە سوتاوەكە لە گەڕەكی مەجید بەگ، لەپێش فولكەكە مەفرەزەیەك هەبوو، یەكسەر وەستام، یەكێكیان هاتە پێشەوە بە شێوەیەكی ناشیرین وتی: بۆ وا خێرا دەڕۆی؟!، وتم برا نازانم هەست ناكەم بەپەلەبم ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەوەتا وەستاوم و ئێوەم تێنەپەڕاندووە، فەرموو ئەمرت بەچییە؟ یەكسەریش پێموتن دكتۆرم و ئەوە هەویەكەمە لە دەوام بووم دەگەڕێمەوە ماڵەوە، وتی هەویە ناخوات كوا فۆڕمی ڕێگەپێدانت؟" د. ئاری عەباس پزیشكی پسپۆڕی بێهۆشكاریی، بەم جۆرە سەرەتای دروستبوونی ڕووداوەكە دەگێڕیتەوە.

ئەو پزیشكە دوێنێ دوای تەواوبوونی دەوام لە سەنتەری كۆئەندامی هەرس لە سلێمانی بەرەوماڵەوە بەڕێگاوەبووەو تووشی ئەو بازگەیەی هێزە ئەمنییەكان بووە كە لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو قەدەغەكردنی هاتووچۆدا دانراوە.

د.ئاری درێژە بە گێڕانەوەكەی دەدات‌و دەڵێت "وتم فۆرمی چی ئەوە هەویەیە و ڕەسمییە و هەموومان هاتووچۆ بەوە دەكەین جگە لەمە هیچیترم پێنییە، وتی سەیارەكەت حیجز دەكەین، منیش وتم بەسەرچاو سەیارەكە بەجێبهێڵم؟ وتی: بەڵی بیكوژێنەوە، لەپڕ بە شێوەیەكی زۆر ناشرین كردی بە هەویەكەی دەستمدا (لە كاتێكدا نە دەستكێشی لە دەست بوو نە ماسكی لە دەمدا بوو)، وتم كاكە بۆ بەم شێوەیە؟ لە مناقشەی ئەوەدابووین لەناكاو یەكێكیان دەرگای سەیارەكەی كردەوەو ڕایكێشامە دەرەوە ٧ بۆ ٨ كەس لێم كۆبونەوە بە چەپۆك و بۆكس و پاڵ‌و لێدان منیان بردە ئەوبەری جادەكە".

لەو كاتەدا ئۆتۆمبێلەكەی د.ئاری لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا جێهێڵدراوە، ئەو پزیشكە لە گێڕانەوەكەیدا دەشڵێت، تەنها قسە و دەنگ بەرزكردنەوەی ئەو ئەوەبووە پێی گوتوون"بەخوا دەبێت هەمووتان دەستگیر بكرێن و سجن بكرێن لەسەر ئەم كارەی بەرامبەر من دەیكەن، خوا ڕەحمی كرد لەوكاتەدا لە تەنیشتمانەوە مەفرەزەیەكی مرور تێپەڕی یەكسەر هاوارم بۆ كردن هاتن بە فریامەوەو منیان لەدەستیان ڕزگار كرد".

ئەو گێڕانەوەیەكی د.ئاری نووسینی خۆیەتی‌و لەسەر داوای خۆی پزیشكێكی هاوڕێی بڵاوی كردووەتەوە، ڕووداوەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو پزیشكانی سلێمانی هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنیان كرد، لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستیش وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمشەو ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو ڕووداوە بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەدا ئەوە ڕوونبوویەوە، كە هەردوو لایەنی ئەم ڕووداوە دڵسۆزانە لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا بوون، كە پاراستنی تەندروستی گشتیی‌و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانە، "هەر هەڵچوون‌و گلەییەكیش لەكاتی ڕووداوەكەدا ڕوویدابێت لە ئەنجامی پەرۆشیی‌و پابەندیی‌و شەونخونیی‌و ماندوبوونی هەردوو لایەنەكەوە بووە، كە بە بەردەوامیی لە ئەرك‌و خەمی تێپەڕاندنی پەتای كۆرۆنادان".

پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت"جارێكی تریش داوای لێبوردنی خۆمان پێشكەش بەم پزیشكە بەڕێزەو تەواوی هاوپیشە بەڕێزەكانی دەكەین، كە بە هەڵوێست‌و تێگەیشتنی شایەنانەیان، بوون بە بەشێكی گەورەی چارەسەرو هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، كە بەم ئومێدو ئیرادەو گیانەبەرزەوە دەتوانین یەكگرتووانەو سەركەوتووانە ئەم دۆخە تێپەڕێنین".

هەر دوێنێ‌ دوابەدوای ڕووداوەكەدا، لیوا حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، بەناوی ھێزە ئەمنییەكانەوە داوای لێبوردنی لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كرد‌و ڕووداوەكەی بە "ڕەفتارێكی ناشایستەی تاكەكەسی" ناوبردو وتی"ھەموو ئەوانەی بێڕێزییان بەرامبەر پزیشكەكەی سلێمانی كردبوو دەستگیركران و ڕووبەڕووی یاساو دادگا دەكرێنەوە".