بافڵ تەڵەبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆبووەوە

20-12-2022 08:12
دیداری ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی و مەزڵوم کۆبانێ. وێنە؛ پەیجی بافڵ تاڵەبانی

پەرەگراف

بافڵ تەڵەبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆبووەوەو دەڵێت: دەستپێشخەریی نیشتمانیی یەكێتی لەپێناو یەكبوونی گەلی كورد و یەكگوتاریمانە لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەكانمان.

سەرۆکی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەو کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ بڵاوكردەوە کە تێیدا لەبارەی پرسی کورد دەڵێت"هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا".

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەزڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات(هه‌سه‌ده‌) لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە.

‏‎لە کۆبوونەوەکەدا كە وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوو، دۆخی سیاسیی رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد تاوتوێکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.

‏‎لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا مەزڵوم كۆبانێ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك بافڵ بۆ رۆژئاوا دەربڕی و رایگەیاند، رۆژئاوا هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكات كە بەردەوام پشتیوانێكی راستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بوون، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆسە ئەمنی و سەربازییەكانی رۆژئاوا دژ بە داعش هەبووە و ئەمەش جێگای شانازیمانە.

‏‎لەبارەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گرفتەكانی بەردەم پرسی كورد لە ناوچەكە، مەزڵوم كۆبانێ وتی، هەموو هەوڵێكمان لەپێناو ئازادیی كورد و پاراستنی مافەكانمانە.

‏‎لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا. وتیشی، بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام دەبێت و گەشەی زیاتری پێدەدەین. یەكێتی خۆی بە خزمەتكاری هەموو كورد دەزانێت، كوردبوون شانازیمانە ومانەوەمان پەیوەستە بە یەكبوون و یەكڕیزیمانەوە.

‏‎ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ روونیکردەوە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی رۆژئاوا پاراستنی ماف، کەلتوور و زمانی کوردییە لە ناوچەكە وبۆ ئەمەش بەشانازییەوە پشتیوانتان دەبین. دەستپێشخەرییە نیشتمانییەكەی یەكێتیش لەپێناو یەكبوونی گەلی كورد و یەكگوتاریمانە لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەكانمان. دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەمەش میراتی سەرۆك مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.