نەوەی نوێ: لەسەدا ٨٠ی داهاتی ناوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت و دەچێتە گیرفانی حیزب

21-12-2022 01:09
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەمڕۆی فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ.

پەرەگراف

نەوەی نوێ ڕایگەیاند، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە کە بڵاودەکرێتەوەو لەسەدا ٨٠ی ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت و دەچێتە گیرفانی حیزب.

فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان لەبارەی دهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامداو ڕایانگەیاند، لە چەند رێگایەکەوەو بە ناوی جیاواز پارە لە بازرگانان وەردەگیرێت و رێگا یاساییەکە کە پارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت کەمترین داهاتی هەیە.

نەوەی نوێ ئاماژەبەوەدەکات، بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت کە داهاتی نانەوتیی سنوری سلێمانی بڵاودەکاتەوە، دەردەکەوێت داهاتی ناوخۆ چەند زۆرە، "کێشەی نەمانی داهاتی ناوخۆ ئەو بڕە داهاتە نییە کە بە وەسڵی حکومی وەردەگیرێت و دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت کە بڕ کەمەکەیە، بەڵکو کێشەکە ئەو بڕەپارانەیە کە بە وەسڵی دیکەو بە وەسڵی کۆمپانیای حیزبیی وەردەگیرێ و بە گوێنی و ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاسەوانی چەکدار دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی نادیار".

"داهاتی مانگانەی ئاشکرای ئیبراهیم خەلیل دەگوترێت ٤٥٠ ملینۆ دۆلارە، بەڵام بەپێی هەندێک بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە داهاتەکەی زۆر زۆر لەوە زیاترەو مانگانە دەکاتە ٧ ملیار دۆلار کە ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت و دەچێتە خەزێنەی حیزب و بنەماڵەکان" نەوەی نوێ وادەڵێت،  دەشڵێت "تەنیا لە ٢٠٢٠دا بەبڕی ١٠٤ ملیار دینار لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کۆمپانیاکانی سەربە حیزب کراوە لە ئیبراهیم خەلیل".