پەرەگراف
لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چوار كەس گیانیان لەدەست دا. دایكێك و دوو منداڵی لەناو قوربانییەكاندان.
ڕووداوێكیان لەسەر ڕێگەی كانی مازوو لە نزیك ناحیەی خەلەكان بووە، كە تێیدا پێكدادان لە نێوان بارهەڵگرێك و ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیا كە ژنێك و سێ منداڵی تێدا بووە، ڕووی داوە.
لەو ڕووداوەدا ژنەكە و دوو منداڵی كە كوڕ و كچێك بوون و تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوە بووە، گیانیان لەدەست داوە، منداڵەكەی دیكەش بریندار بووە.
ڕووداوەكەی دیكە كاتژمێر شەش و 23 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ ٦:٢٣ لەسەر ڕێگەی دێلێژە لەبەردەم كارگەی ئاوی جام لە نێوان دوو بارهەڵگردا ڕووی داوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت "ڕووداوەكە لە ئەنجامی تێپەڕاندنی هەڵەی یەكێك لە بەرهەڵگرەكانەوە بووە و لە ئەنجامدا شۆفێری یەكێك لە بارهەڵگرەكان گیانی لەدەست داوە و شۆفێرەكەی تریان بریندار بووە".