بڵاوکردنەوەی پەیامێك بە دەنگی كچێك بۆ پاڵپشتی لە مافەكانی ژنان بە بڵندگۆ، ڕێگریى لێ دەکرێت و سکاڵا تۆمار دەکرێت

21-12-2022 02:49

پەرەگراف

بڵاوبوونەوەی پەیامێك بە دەنگی كچێك بۆ پاڵپشتی لە مافەكانی ژنان بە بڵندگۆ، لە چەند ناوچەیەک ڕێگریى لێ دەکرێت و سکاڵا تۆمار دەکرێت. بڵاوکردنەوەى پەیامەکە بە بڵدنگۆ لەسەر بینای شارەوانیی هەڵەبجە، کاردانەوەى بەدوادا هات و سەرۆكی شارەوانی ڕایگەیاند كە بایكۆتی دەوام دەكات، بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە. پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت "ئەو پەیامە باسی ئازادی و یەكسانیی كردووە كە ئایینی ئیسلامیش پشتگیریی دەكات"، بەڵام یەكێتیی زانایانیی ئایینی بە "سووكایەتی بە ئایین" ناوی دەبات و سكاڵای تۆمار كردووە.

ئەمڕۆیش لە شارى ڕانیە ژمارەیەک گەنج ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونى چالاکییەکە کرد و بڵندگۆى بڵاوکردنەوەى پەیامەکەیان لەسەر بیناکان هێنایە خوارەوە.

ئەو پەیامەی لە بڵندگۆكەوە بڵاو كراوەتەوە، چالاكییەكی مەدەنی و خوێندنەوەی تێكستێكە بۆ پشتیوانی لە مافەكانی ژنان و لە چەند شارێكی دیكەی كوردستانیش هەمان پەیام پەخش كراوە، كە لە بەشی كۆتاییدا دەڵێت: من دەنگی نەبیستراوی مێینەم.

"شاخدارە گەورەكە و هاوڕێ نزیكەكەی شەیتان هەر منم و ئیماندار و پیاوە نزیك لە خوداكەش هەر ئێوە. من ئەو توێژەم كە بیرتان لێ نەدەكردەوە، شەرمەزار نابن، ئێوەی جەلـلاد، ئێوەی دەستی باڵا، ئێوەی كێن؟"، ئەمە بەشێكە لە پەیامەكە.

دوێنێ، تارا عەبدوڵڵا، خاوەنى پرۆژەکە، بۆ میدیاکان وتى "ئەم پرۆژەیە پێکهاتووە لە پەیامى کچێک کە لە ڕێگەى کۆمەڵێک بڵندگۆوە لە شار و شارۆچکەکان بڵاو دەکرێتەوە. ناوەرۆکى پەیامەکە نامەیەکى سکاڵاى دڵى کچەکەیە سەبارەت بە توندووتیژى دژى ئافرەتان و دەیگەیەنێت بە کۆمەڵگاکەى".

پەیامەکە لە کاتژمێر ١٠:١٦ خولەکى بەیانیى ٢٠-١٢-٢٠٢٢ لە یەک کاتدا لە چەند شار و شارۆچکەیەک بڵاو کرایەوە، بەڵام تارا عەبدوڵڵا وتى "هەندێک لە بڵندگۆکان لێکرانەوە و کارەباکانیان کوژێندرایەوە". بەڵام هەمان ڕۆژ لە کاتژمێر ٤:١٦ خولەک و ٩ى شەودا پرۆژەکە بەردەوامیى پێ درا.

بڵاوکردنەوەى پەیامەکە لە کاتژمێر ٩ى شەوى ڕابردوو لە رێگەى بڵندگۆوە لەسەر بیناى شارەوانىی هەڵەبجە، کاردانەوەى سەرۆکى شارەوانى و لایەنى دیکەى بەدوادا هات.

دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەكە، عەبدولحەكیم نەجیب، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە، ڕایگەیاند كە لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە پێیان گوتووە پەخشێكی دوو خوولەكی بۆ پاڵپشتیی لە ژنان دەكەن، بەڵام ئەوە نەبووە كە بە ئەویان گوتووە و پەخشەكە لەگەڵ كولتوور و دابونەریتدا ناگونجێت.

ئەمڕۆ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی كۆنگرەیەكیان ئەنجام دا و پارێزگار ڕایگەیاند "ئەو پەیامە باسی ئازادیی و یەكسانی و سەربەستیی كردووە و ئایینی ئیسلامیش پشتیوانیی ئەوە دەكات".

پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی "پەیامەكە باسی زیندەبەچاڵكردن دەكات و دەڵێت نابێت مرۆڤ زیدەبەچاڵ بكرێت و بكوژرێت، كە ئایینی ئیسلامیش دژی زیدەبەچاڵكردن بووە و بەها و پێگەی بۆ مێینە گێڕاوەتەوە".

دواتر سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە وتی "من لەسەر ئەم ڕوونكردنەوەی پارێزگار وەستابووم، دوای ئەمە دەچمەوە بۆ دەوامی خۆم. كەیسەكەشمان داوە بە یاسا و یاسا هەر بڕیارێك بدات پابەندی دەبین".

لقی هەڵەبجەی یەكێـیی زانایانی ئایینیی كوردستان ئەو پەیامەی كە بڵاو كراوەتەوە، بە "سووكایەتی بەرانبەر دین و ئەخلاقی خەڵك و هۆی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی" ناو دەبات و سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئەنجامدەرانی چالاكییەكە تۆمار كرد.

چالاکوانەکە لەم ڤیدیۆیەدا باسی ئەو چالاکییەی دەکات