سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: هەزارو ٣٠٦ دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ ساڵی داهاتوو ئامادەن

22-12-2022 02:45
محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان

پەرەگراف

دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ساڵی داهاتوو هەزارو ٣٠٦ دەرفەتی وەبەرهێنانیان ئامادەیەو هەوڵی ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانیی و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان دەدەن.

محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سندوقی وەبەرهێنان دروستبووە کە داهاتی خۆی دەبێت و بەشێک لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون دەستەکەیان شەریکە تێیداو داهاتەکەی دەچێتە سندوقی وەبەرهێنان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، وتیشی، هەروەها براندی کوردستان ڕادەگەیەنن بەناوی (ئینڤێست کوردستان) کە ماڵپەڕێکی خۆی دەبێت و ئامانجمان ئەوەیە بە خەڵکی جیهان بڵێین کوردستان ئەو شوێنەیە کە دەرفەتی باسنەکراوی تێدایە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانیی.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، ئەمساڵ لە کۆی ٨٩ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەنها ٢ پڕۆژەیان بیانیی بووە، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە بەلای دەستەکەوە.

محەمەد شوکری ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هەزارو ٣٠٦ دەرفەتە نوێیەی وەبەرهێنان لە ڕێبەرێکدا چاپ و بڵاودەکرێنەوەو ٣٣٠یان وەبەرهێنانی سەوز و دۆستی ژینگەن، وتیشی "لە تێکڕای پڕۆژەکانی وەبەرهێنان زیاتر لە ١٣٠ هەزار دەستی کار بە شێوەی راستەوخۆ لە پرۆژەکانمان کار دەکەن و بە هەزاران کەسی دیکەش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە و هەوڵماندا ٧٥٪ـی پرۆژەکان دەستی کاری ناوخۆیی بێت".

هەرلەماوەی ئەمساڵدا ١٣ مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشێندراوەتەوە بەهۆی کەمتەرخی وەبەرهێنەرەکان و هەوڵدراوە پڕۆژەکان بدرێنە وەبەرهێنی دیکە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان وتیشی "٨ ناوچەی پیشەسازیی ئامادەن و مۆڵەتیان پێدراوەو زەوییان بۆ تەرخانکراوەو ئامادەن بۆ کارکردن".

لەبارەی دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەکەی کرێنشینان و کەمدەرامەتان، محەمەد شوکری وتی "بەڵێنمان لە وەبەرهێنەران وەرگرتووە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە زۆربەی ناوچەکان دەستبکرێت بە کاری بیناسازیی بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان و هاوشانی ئەوە کار بۆ دەستنیشانکردنی ناوی خەڵکی شاستە بۆ یەکەکان دەکرێت بۆئەوەی دابەشبکرێت بەسەریاندا".