تەندروستی سلێمانی سەركەوتنی ڕاگەیاند لە تاقیكردنەوەی چارەسەر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا

07-04-2020 11:21
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی


پەرەگراف

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای چارەسەرو چادێریی تووشبووان، 7 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسلێمانی چاكبوونەوە، یەكێك لەتووشبووەكان بە وەرگرتنی پلازمای چاكبووەوەكانی پێشوتری تووشبووانی كۆرۆنا چاكبووەتەوە.

"لێرەوە ڕایدەگەیەنین سەركەوتوبوین لە تاقیكردنەوەكەمان" د. سەباح وادەڵێت.

ژمارەی ئەوانەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە لە سلێمانی گەیشتە 85 كەس.

تەندروستی سلێمانی 25-3-2020 ڕایگەیاند، تەكنیكێكی كلاسیك بەكاردەهێنن وەك چارەسەر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا كە بەكارهێنانی پلازمای خوێنی كەسانی چاكبووەوەیەو ئەمشەو سەركەوتنی ئەو تاقیكردنەوەیە ڕاگەیەندرا.

تەندورستی سلێمانی پلازمای خوێنی ئەو كەسانەی وەرگرتووە كە چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە، ئەوەش بە مەبەستی بەكارهێنانی وەك چارەسەر بۆ كەسانی تووشبوو، بەوپێیەی كەسانی چاكبووەوە بەرگریی لەشیان بەرامبەر ڤایرۆسەكە بەهێزبووە.

هاوكات دامەزراوەی خۆراك‌و دەرمانی ئەمریكا(FDA) بەكارهێنانی ئەو تەكنیكەی پەسەند كردووەو ڕێگەیداوە بە پزیشكانی ئەمریكا لە سەرتاسەری وڵاتەكەیان بەكاری بهێنن.

تائێستا سێ تووشبووی كۆرۆنا لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە، دووانیان لە سلێمانی‌و ئەوەی دیكەیان لە چەمچەماڵ بووە؛ هەرسێكیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووەو هەرچەندە تووشبووی كۆرۆنا بوون، بەڵام هۆكاری سەرەكی مردنیان ئەو ڤایرۆسە نەبووە.

تائێستا هیچ ڤاكسین‌و پێكوتەیەك نییە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو ڕێگریی لە تووشبوون، هەروەها ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەكە دەبن هیچ دەرمانێكی تایبەت بەو ڤایرۆسە نییە پێیان بدرێت، پزیشكان پەنا بۆ دەرمانی نەخۆشییەكانی دیكە دەبەن‌و بەكاری دەهێنن بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، دامەزراوە تەندروستییەكانی جیهان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی چارەسەری تایبەت بە كۆرۆنا، بەڵام دەڵێن، ئەو كارە زیاتر لە ساڵێكی پێدەچێت.