بافڵ تاڵەبانی بڕیار لە داخستنی چەند شوێنێکی سلێمانی دەدات؛ 'دوورن لە ئاین، ئاكار و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگە'

23-12-2022 12:12

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی بڕیاریدا لە ئەمشەوەوە هەموو ئەو شوێنانەی سلێمانی دادەخرێن كە "دوورن لە ئاین، ئاكار و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردییەوە بە تایبەت ئەو گەڕەكانەی لە شوێنێكی گەشتیارییەوە بوونەتە شوێنێكی نامۆ و نەخوازراو بە كۆمەڵگەكەمان" بەپێی پیوکەی میدیا کە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتییە.

ئەوە لەکاتێکدایە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حیزبەو ھیچ پۆستێکی حکومیی و ئیداریی نییە و لەو بڕیارەیدا ئاماژەی بە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هیچ بڕیارێکی دادگا نەداوە لەوبارەیەوە.

ھاوکات کەناڵی کوردسات بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی دوای ئەوەی رێژەیەکی زۆر گلەیی و سکاڵای هاوڵاتیانی پێگەیشتبوو، سەردانی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی کرد و "ژینگەی شێوێنراو و دوور لە بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بینی، بڕیاریدا بە داخستنی هەمووئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە".

کوردسات دەڵێت "سەرۆک بافڵ وتیشی، سەرچنار یادەوەرییەکی شیرینی شارە حەیاتەکەیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی خێزانەکانی شار بۆ پشوو و کاتبەسەربردن روویان تێدەکرد و هەستیان بە ئارامی دەکرد. ئەم بڕیارەش لەپێناو پاراستنی ئارامی ورەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەی شارەکەمان".

"یەکێتیی پارێزەری مافە کەسی و تایبەتەکانە، بەڵام ئەوکاتەی سنوورەکان دەبەزێنرێت و رێز لە بەها باڵاکان ناگیرێت، هەڵوێستمان دەبێت" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.