ماكرۆن: كوردەكانی فەرەنسا بوونە ئامانجی هێرشێكی قێزەون لە دڵی پاریسدا

23-12-2022 08:40

پەرەگراف

ئیمانوێل ماكرۆن لە كاردانەوەی هێرشە چەكدارییەكەی پاریس بۆ سەر ناوەندێكی كولتووریی كوردی، دەڵێت "كوردەكانی فەرەنسا بوونە ئامانجی هێرشێكی قێزەون لە دڵی پاریسدا".

هاووڵاتییەكی فەرەنسی كە پێشنەی هێرش بۆ سەر کۆچبەرانى هەبوو و لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بە شمشێر دوو کۆچبەرى بریندار كرد، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە دەمانچە هێرشی كردە سەر ناوەندێكی كولتووریی كوردی لە ناوەڕاستی پاریس، سێ‌ كەسی كوشت و چواری دیكەشی بریندار كرد كە سەرجەم قوربانییەكان كوردی باكووری كوردستان.

پاش ڕووداوەكە سەدان پەنابەری كورد بە ئاڵای پەكەكەوە لە شوێنی ڕووداوەكە گردبوونەوەیان ئەنجام دا و دروشمیان دژی ئەردۆغان وتەوە، لە ئەنجامیشدا پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس دروست بوو.

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆككۆماری فەرەنسا، لە تویتێكدا دەڵێت "كوردەكانی فەرەنسا بوونەتە ئامانجی هێرشێكی قێزەون لە ناوجەرگەی پاریسدا. دڵمان لای قوربانییەكان و ئەو كەسانەیە كە لە هەوڵدان بۆ ژیان و خێزانەكانیان و ئازیزانیان".

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی لە زاری ئەلیكساندەر كوردبار، سەرۆكی شارەوانیی ئەو ناوچەیەی كە هێرشەكەی تێدا ئەنجام درا، بڵاوی كردووەتەوە، هێرشەكە لەلایەن پیاوێكی تەمەن 69 ساڵی فەرەنسییەوە ئەنجام دراوە كە سێ‌ شوێنی كردووەتە ئامانج.

هێرشبەرەكە سەرەتا چووەتە ناو ناوەندی كولتووریی ئەحمەد كایا و دەستڕێژی گوللـەی كردووە، دواتر سەرتاشخانەیەك و ڕێستۆرانتێكیشی كردووەتە ئامانج.

جگە لە گیانلەدەستدانی سێ‌ كەس، چوار كەسی دیكە بریندار بوون كە برینەكانیان سەختە.

تۆمەتبارەكە ناوى (ولیەم)ـە، بە برینداری لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراو و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

باوکى تۆمەتبارەکە قسەى بۆ میدیاى فەرەنسى کردووە و دەڵێت "کوڕەکەم شێتە و ساڵێک لە زینداندا بووە، دایکى هەوڵى داوە بیخاتەوە سەر ڕێگەى ڕاست و بارى دەروونیى ئاسایى بکاتەوە".
هەرچەندە هێشتا پۆلیس و بەرپرسانی فەرەنسا لەبارەی هۆكاری ئەم هێرشەوە هیچیان نەوتووە، بەڵام تۆمەتبارەكە پێشینە كاری لەو شێوەیەی هەیە و دوو جار هێرشی كردووەتە سەر شوێنی مانەوەی پەنابەران.

بی بی سی دەڵێت "تۆمەتبارەكە لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو دوو جار هێرشی كردووەتە سەر شوێنێكی مانەوەی کۆچبەران لە پاریس و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراوە، بەڵام بەم دواییانە ئازاد كراوە". لەو دوو هێرشەدا خێمەی کۆچبەرانى بە شمشێر دڕاندووە و دوو كەسی بریندار كردووە.

داواکارى گشتیى پاریس دەڵێت "تۆمەتبارەکە لە ساڵى ٢٠١٦یش هەوڵى کوشتنى چەند کەسێکى بە چەقۆ داوە".

یەكێك لە كرێكارەكانی ڕێستۆرانتەكە كە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای وتووە "بینیمان كە پیاوێكی بەتەمەنی سپیپێست چووە ژوورەوە و دەستی بە تەقەكردن لە ناوەندی كولتووری كوردەكان كرد، دواتر چووە ناو سەرتاشخانەیەكی تەنیشتی ناوەندەكە".