پاریس دژی هێرشەكەی دوێنێ‌ خرۆشاوە؛ ئەمریكا هاوسۆزی بۆ كوردان دەردەبڕێت

24-12-2022 02:11
وێنەى خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى پاریس

پەرەگراف

خۆپیشاندانی فراوان دژی هێرش بۆ سەر ناوەندە كولتوورییەكەی كورد لە پاریس دەستی پێ‌ كردەوە. ئەمریكاش كاردانەوەی لە بەرانبەر ڕووداوەكە نیشان دا و هاوسۆزی بۆ كوردانی پاریس دەردەبڕێت.

هەزاران پەنابەری كورد و هاوسۆزانی ڕووداوەكە لە پاریس خۆپیشاندانی هێمنانەیان دەست پێ‌ كردەوە و داوای لێكۆڵینەوەی ورد دەكەن.

هەروەها خۆپیشاندەران ڕەخنەیان لە حكومەتی فەرەنسا گرت كە بە باشی چاودێریی هێرشبەرەكەی نەكردووە كە پێشینەی تاوانی لەو شێوەیەی هەبووە. داوایشیان كرد ڕێكاری باشتر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان بگیرێتە بەر.

كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر "ئەوپەڕی هاوسۆزی"ی خۆی بۆ قوربانیانی هێرشەكە دەردەبڕێت و دەڵێت "لەم ڕۆژە تراژیدییەدا، بە بیر و هاوخەمی و نزاكانمان لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵگەی كوردی و خەڵكی فەڕەنساداین".

هێشتا پۆلیسی فەرەنسا بە فەرمی هۆكاری هێرشەكەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەیەک بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، کاتێک ڕۆژی هەینی هێرشبەرەکە دەستگیر کراوە، بە پۆلیسی وتووە کە کەسێکى "ڕەگەزپەرست" و هێرشەکەى بەو پڵنەرە ئەنجام داوە.

میدیای فەرەنسا بڵاوی كردووەتەوە كە ئەنجامدەری هێرشەكە هۆكاری كارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە حەز بە بوونی هاووڵاتیی بیانی لە وڵاتەكەی ناكات.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ‌ ٢٣-١٢-٢٠٢٢، هاووڵاتییەكی فەرەنسی كە پێشنەی هێرش بۆ سەر كۆچبەرانی هەبوو و لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بە شمشێر دوو كۆچبەری بریندار كرد، بە دەمانچە هێرشی كردە سەر ناوەندێكی كولتووریی كوردی لە ناوەڕاستی پاریس، سێ‌ كەسی كوشت و چواری دیكەشی بریندار كرد كە سەرجەم قوربانییەكان كوردی باكووری كوردستان.

هێرشەكە لەلایەن پیاوێكی تەمەن ٦٩ ساڵی فەرەنسییەوە ئەنجام درا، كە سەرتا چووە ناو ناوەندی كولتووریی ئەحمەد كایا و دەستڕێژی گوللـەی كرد، دواتر سەرتاشخانەیەك و ڕێستۆرانتێكیشی كردووەتە ئامانج.

جگە لە گیانلەدەستدانی سێ‌ كەس، چوار كەسی دیكە بە سەختى بریندار بوون.

تۆمەتبارەكە ناوی (ولیەم)ـە، بە برینداری لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كرا و ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا.

باوكی تۆمەتبارەكە قسەی بۆ میدیای فەرەنسی كردووە و دەڵێت "كوڕەكەم شێتە و ساڵێك لە زینداندا بووە، دایكی هەوڵی داوە بیخاتەوە سەر ڕێگەی ڕاست و باری دەروونیی ئاسایی بكاتەوە".

پاش ڕووداوەكە سەدان پەنابەری كورد بە ئاڵای پەكەكەوە لە شوێنی ڕووداوەكە گردبوونەوەیان ئەنجام دا و دروشمیان دژی ئەردۆغان وتەوە، لە ئەنجامیشدا پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس دروست بوو.

لە كاردانەوەی ڕووداوەكەدا، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆككۆماری فەرەنسا، لە تویتێكدا وتی "كوردەكانی فەرەنسا بوونەتە ئامانجی هێرشێكی قێزەون لە ناوجەرگەی پاریسدا. دڵمان لای قوربانییەكان و ئەو كەسانەیە كە لە هەوڵدان بۆ ژیان و خێزانەكانیان و ئازیزانیان".

تۆمەتبارەكە پێشینە كاری لەو شێوەیەی هەیە و دوو جار هێرشی كردووەتە سەر شوێنی مانەوەی پەنابەران.

بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی دەڵێت "تۆمەتبارەكە لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو دوو جار هێرشی كردووەتە سەر شوێنێكی مانەوەی كۆچبەران لە پاریس و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراوە، بەڵام بەم دواییانە ئازاد كراوە". لەو دوو هێرشەدا خێمەی كۆچبەرانی بە شمشێر دڕاندووە و دوو كەسی بریندار كردووە.

داواكاری گشتیی پاریس دەڵێت "تۆمەتبارەكە لە ساڵی ٢٠١٦یش هەوڵی كوشتنی چەند كەسێكی بە چەقۆ داوە".