نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی: سوودانی دڵنیایی دا بەزووترین کات ٤٠٠ ملیار دینارەکە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت

24-12-2022 02:42
کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی و بافڵ تاڵەبانی لە بەغداد. وێنە؛ پەیجی تاڵەبانی لە فەیسبوک.

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی و محەمەد شیاع سوودانی لە بەغداد کۆبوونەوەو نووسینگەی تاڵەبانی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی داوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم پارێزراو دەبێت و بەزووترین کات ٤٠٠ ملیار دینارەکە رەوانەی هەرێم دەکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی "جەختی لە جێبەجێکردنی خاڵە نیشتمانی و دەستوورییەکان کردەوە کە لە بەرنامەی حکومەتی نوێدا جێگیرکراون و داوای لە سەرۆکوەزیران کرد شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت و روونیشیکردەوە، رێککەوتنە نیشتمانییەکەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە نەخوازراوەی عیراقی تێکەوتبوو، بەڵام لەوەش گرنگتر پابەندبوون و جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەیە کە فاکتەری سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانەییە لە وڵاتدا".

بەپێی ڕاگەیەندرای نووسینگەکەی، سەرۆکی یەکێتی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ریشەییانەی کێشەکانی نێوان هەردوولای دووپاتکردەوە و داوایکردووە، لیژنەکانی گفتوگۆ و دانوستان کاراتر بکرێن و لەبەرامبەر خواستی خەڵک و داواکارییەکانیان نەرمی بنوێنرێت.

زیاتر لە ١٠ ڕۆژە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 11و 12، بەڵام هێشتا پەرەکە ڕەوانەی هەرێم نەکراوە.

بەپێی نووسراوێکی محەمەد شیاع سودانی، ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و بەرنامەی کابینەکەدایە كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە. پارتی و یەكێتی بەشێكن لە ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکھێنەری حکومەتی نوێی عێراقە.

بڕیاری ناردنی ئەو پارەیە لەکاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم ھێشتا مووچەی مانگی ١١ی بە تەواوەتی دابەش نەکردووەو چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ دیارنییە.