بۆچی بەهای دۆلار بە خێراییەكی زۆر بەرز بووەوە؟

25-12-2022 03:10

پەرەگراف

ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ ڕاگرتنی دابەزینی بەهای دینار لە بەرانبەر ‏دۆلاری ئەمریكی بێ‌ كاریگەر بوون، بەهای دۆلار بە خێراییەكی زۆر لە ‏بەرزبوونەوە بەردەوامە، بە جۆرێك كە ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لە ‏هەرێمی كوردستان گەیشتە سەروو 155 هەزار دینار.‏

بەیانیی ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی ‏كوردستان، بەهای 100 دۆلار 153 و 550 دینار بوو، بەڵام لە ماوەی ‏چەند كاتژمێرێكدا بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەروو 154 هەزار دینار.‏

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆیش بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو تا ‏‏155 هەزار دیناری تێپەڕاند، بەڵام لە كاتژمێر 2:30 خولەكدا بەهای ‏‏100 دۆلار لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی بۆ 154 هەزار و 500 ‏دینار دابەزییەوە.‏

هۆكارێكی بەرزبوونەوەی دۆلار بەو خێراییە زۆرەی ئەمڕۆ، ئەوەیە كە ‏بانكی ناوەندی بەهۆی پشووەكانەوە لە ڕۆژانی 23، 24 و 25ی ئەم ‏مانگەدا هیچ بڕەدۆلارێكی نەفرۆشتووە.‏

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە ‏فەیسبووك دەڵێت "بۆ ڕۆژەكانی 26، 27، 28 و 29ی مانگیش، بانكی ‏ناوەندیی عێراق بڕی 348 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، كە 220 ملیۆن ‏دۆلاری بۆ ناوخۆیە و 128 ملیۆن دۆلاری بۆ حەواڵە و دەرەوەی وڵاتە".‏

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەمە كەمترین خستنەبازاڕی دۆلارە لەلایەن ‏بانكی ناوەندییەوە، بەراورد بە هەفتەكانی پێشووی ئەم مانگە".‏

هەرچەندە بانكی ناوەندی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرتنەبەری چەند ‏ڕێكارێكی جیاوازی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار ڕاگەیاند، بەڵام بە ‏پێچەوانەوە بەهای دۆلار هەر لە بەرزبوونەوەدایە.‏

پاش هەڵكشانی بەرچاوی نرخی دۆلار بە تایبەت لە 15ی ئەم مانگە كە ‏بەهای 100 دۆلار 152 هەزار دیناری تێپەڕاند، بانكی ناوەندیی عێراق ‏نرخی هەر دۆلارێكی بە بڕی پێنج دینار كەم كردەوە.‏

بانكی ناوەندیی عێراق نرخی هەر دۆلارێك كە بۆ سوود و مامەڵەی ‏ئاڵوگۆڕی دراو بەكار دێت، لە 1470 دینارەوە بۆ 1465 دینار دابەزاند. ‏هەروەها نرخی هەر دۆلارێكی بۆ مامەڵە و كاروباری دیكە لە 1460 ‏دینارەوە بۆ 1455 دینار كەم كردەوە، كە بۆ هەر 100 دۆلارێك دەكاتە ‏‏500 دینار.‏

بانكەكە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە و ‏دەڵێت "یەكێك لەوانە دروستكردنی پێگەیەكی ئەلیكترۆنییە كە لە ‏ڕێگەیەوە بانكەكان داواكاریی كڕینی دۆلار ئاراستەی بانكی ناوەندی ‏دەكەن".‏

بانكی ناوەندیی عێراق وتیشی "چەند ڕێكارێكمان گرتووەتە بەر بۆ ‏فراونكردنی خستنە بازاڕی دراوی بیانی، تاكوو پێداویستیی خەڵك بە ‏دراوی بیانی پڕ بكرێتەوە".‏

سەبارەت بە دۆخی دراوی نەختینەیی دەوڵەتیش، بانكی ناوەندیی عێراق ‏ڕایگەیاند "بەراورد بە چەند دەیەی ڕابردوو، بە شێوەیەكی گشتی لە ‏باشترین بارودۆخدایە".‏