نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی هەرێمی كوردستانی بۆ مستەفا كازمی ڕاگەیاند

08-04-2020 04:08


پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، پێشوازی لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی دەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

سەرۆكی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت "پێشوازی لە كاندیدكردنی بەڕێز مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە. داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكات".

ئەوە لە كاتێكدایە هێشتا عەدنان زورفی نەكشاوەتەوەو هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەردەوامە.

دەقی ڕاگەیەنراوێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكییەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای سازانێكی ڕاستەقینە ڕێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتواناییی حكوومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات. گرنگترین ئەركیشی لەم قۆناغەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و قەیرانانەیە كە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی باوەڕی بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ئامادەیی بۆ كاری جددی لەو پێناوەدا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێ. لەو پێودانگەوە پێشوازی لە كاندیدكردنی بەڕێز مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە. داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكات.

خوای مەزن پشتیوانمان بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
چوار شەممە
8-4-2020