پەرەگراف
شەپۆلێکی سەختی سەرماو بەفر ڕووی لە ئەمەریکاو کەنەدا کردووەو پلەی گەرما بۆ 45 پلە ژێر سفر دابەزیوە، بەوهۆیەوە زیاتر لە 50 كەس گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ماڵپەری سکای نیوز تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا 50 كەس گیان لەدەستداوە بەهۆی بەفربارینی زۆر و ئەو شەپۆلی سەرما بەهێزەی ڕووی لە ئەمریکای باکور کردووە، لە كەنەداش چوار كەس گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوەكانی بەرگریی شارستانی دەڵێن "حەوت كەس لەناو ئۆتۆمبێلەكانیاندا ڕەقبوونەتەوە و گیانیان لەدەست داوە".
زۆرترین قوربانییەكانی ئەمریكا لە شاری بوفالۆ بووە. پارێزگاری نیویۆرك دەڵێت "ئەو سەرمای ڕووی لە شارەكە كردووە، بێ پێشینەیە لە مێژووی بوفالۆدا".
شەپۆلی گەردەلوولی بەفر و سەرما لە كەنەدا تا باشووری تەكساس درێژ بووەتەوە، بەلای كەمەوە 55 ملیۆن كەس لە ئەمریكا لەژێر كاریگەریی بارودۆخی خراپی ئاووهەوادان.
ساردترین شوێنی ئەمریكا لەم كاتەدا دەكەوێتە ڕۆژئاوای ویلایەتی مۆنتانا كە 45 پلەی سیلیزی لەژێر سفرەوەیە.