بە تەقینی بتڵی غاز لە گوندێکی شارباژێڕ ژنێک برینداربوو، زیانی زۆر بە ماڵەکەی گەیشت

26-12-2022 01:15
ئاسەواری تەقینەوەکەی ئەمڕۆ بەهۆی بتڵی غاز لە ماڵەکەی گوندی گەورەدێ

پەرەگراف

تەقینی بتڵی غاز ماڵێکی وێران کرد لە گوندی گەورەدێی شارباژێڕو بەهۆیەوە ژنێک بەشێکی جەستەی سووتاوە.

ڕووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ ڕوویداوە، سەرچاوەیەک لە گوندەکە بە پەرەگرافی وت، ژنەکە بە تەنیا لەو ماڵەدا ژیاوەو ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوەو تەندروستیی جێگیرە.

ڤیدیۆی ماڵەکەی گوندی گەورەدێ

ناوەڕاستی مانگی ١١ی ئەمساڵ دوو ماتەمی گشتیی لە هەرێمی كوردستان بەهۆی تەقینی غازەوە ڕاگەیەندرا بەهۆی دوو ڕووداوەوە کە تەنیا لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا لە سلێمانی و دهۆک ڕوویاندا.

شەوی 17ـی تشرینی دوەمی 2022، لە گەڕەكی كازیوەی باكوری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی، خانویەكی سێ نهۆمی بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی غازی پەنگخواردووەوە لەگەڵ زەویدا تەخت بوو، لە ئەنجامدا 15 هاوڵاتی لەژێر داروپەردوی ئەو ماڵەدا گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیكە برینداربون.

شەوی 21ـی تشرینی دوەم، تەقینەوەی تانكییەكی غاز لە سەربانی باڵەخانەیەكدا لە ناوەندی دهۆك، كە نهۆمی ژێرەوەی فڕن و دوكان بووە و نهۆمەكانی سەرەوە بەشە ناوخۆیی خوێندكارانی پەیمانگەیەك بووە، بووەهۆی گیانلەدەستدانی شەش كەس و برینداربونی ٤١ كەسی تر.