هۆكاری ڕاستەقینەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار چییە؟ پێشبینییەكان چین؟

26-12-2022 04:04

پەرەگراف

بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق و هەرێم بە خێراییەكی زۆر لە بەرزبوونەوەدایە، ‏بەهای 100 دۆلار لە هەرێمی كوردستان 157 هەزار دیناری تێپەڕاند. باس لە هۆكاری جیاواز بۆ ‏دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دەكرێت، بەڵام گەیشتنی بە ئاستی دراوی تمەنی ئێرانی و لیرەی ‏لوبنانی ڕەت دەكرێتەوە.‏

بەیانیی ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی، بەهای 100 دۆلار 154 هەزار و ‏‏850 دینار بوو، بەڵام لە كاتژمێر 2:30 خولەكی پاشنیوەڕۆ گەیشتە 157 هەزار دینار و دواتر بۆ ‏‏157 هەزار و 500 دینار بەرز بووەوە، لە كاتژمێر 3:30 خولەكدا گەڕایەوە سەر 157 هەزار دینار.‏

هەرچەندە دەستكاریكردنی بەهای دراو لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایە و پەرلەمانی عێراق ناتوانێت ‏ڕێكارێكی ئەوتۆ لەوبارەیەوە بگرێتە بەر، بەڵام 65 پەرلەمانتار یاداشتنامەیەكیان ئاراستەی ‏سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتێكی تایبەت بە تاوتوێكردنی هۆكارەكانی ‏دابەزینی بەهای دینار لە بەرانبەر دۆلار.‏

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ‏بە "سزای سیاسیی ئەمریكا بۆ سەر عێراق" ناو دەبات و پێی وایە "كۆنترۆڵكردنی پێویستی بە ‏ڕێككەوتنی سیاسیی ئەمریكا و عێراق هەیە".‏

بە لێكدانەوەی ئەحمەد سەفار، هەڵوێستە سیاسییەكانی عێراق لەوانە "بەشداریكردن لە لووتكەی ‏عەرەبی-چینی كە لە سعودییە بەڕێوە چوو، بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ لە عێراقەوە"، ‏هۆكاری سزاكانی ئەمریكایە بۆ سەر عێراق.‏

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دەدات كە ئەگەر بەغداد بە زوویی ‏لەگەڵ واشنتۆن ڕێك نەكەوێت، نرخی دۆلار زیاتریش بەر زدەبێتەوە و كێشەی ئابووری بۆ عێراق ‏دروست دەكات.‏

لە لایەكی دیكەوە ڕاوێژكارێكی سوودانی پێی وایە "قۆرغكاری" هۆكاری بەرزبوونەوەی نائاسایی نرخی ‏دۆلارە.‏

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەخت دەكاتەوە كە بانكە ‏تایبەتەكان پابەندن بە بنەما پێوانەییەكان و دراوی بیانیش لە عێراقدا لە بەرزترین ئاستیدایە كە ‏نزیكە لە 100 ملیار دۆلاری ئەمریكی، بۆیە مژدەی "سەقامگیربوونی نرخی دینار" دەدات و دەڵێت ‏‏"هیچ ترسێك لەئارادا نییە".‏

ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش لە نووسینێكدا لەژێر ناوی "سێ ڕاستیی خێرا ‏سەبارەت بە بەرز و نزمیی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی"، جەخت دەكاتەوە كە ‏‏"ئەو ناجێگیریە كاتییە و جارێكی تر بە نرخی دیاریكراوی بانكی ناوەندیی عێراقی، بەهای دینار ‏بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی جێگر دەبێتەوە".‏

هۆشیار عەبدوڵڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك،‎ ‎نووسیویەتی "یەكێك لە ‏گرنگترین هۆكارەكانی گۆڕینی بەهای دینار، بریتی بوو لە ڕێگرتن لە چوونە دەرەوەی دراو بە تایبەتی ‏دۆلار، ئەمریكا جارێكی تر بە ئاسانی ڕێگا نادات ئەو دۆلارەی ئەیداتە عێراق لە بەرامبەر داهاتی نەوت، ‏بە شێوەی گوماناوی بگاتە وڵاتانی دراوسێ".‏

ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە بەهێزیی یەدەگی نەختینەیی عێراق ‏دەكات كە نزیك بووەتەوە لە ۱٠٠ ملیار دۆلار، بۆیە دەڵێت "عێراق دەتوانێت هاوسەنگیی نێوان ئەو ‏دوو دراوە كۆنترۆڵ بكات".‏