دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوەو حکومەت و بانکی ناوەندیی بێهەڵوێستن

27-12-2022 01:03

پەرەگراف

ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، بەهای ١٠٠ دۆلار لە سەروو ١٥٨ هەزار دینارەوە دەستی پێ کرد و لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی گەیشتە ١٥٩ هەزار و ٥٠٠ دینارو پاشان ١٦٠ هەزاری تێپەڕاندو ئێستاش نرخەکەی لەو دەورەدا ناجێگیرە.

نرخی دۆلار لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بەخێراییەکی زۆر لە بەرزبوونەوەدایە، هۆکاری سەرەکی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و کەمیی خستنەڕووی دۆلارە ئەوەش بەهۆی سزادانی نزیکەی ٢٠ بانک و کردنەدەرەوەیان لە پڕۆسەی کڕینی دۆلاری ڕۆژانە.

ئەو بانکانە سەربە سەرکردە شیعەکانی نزیک لە ئێرانن و تۆمەتبارن بە بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران و لوبنان.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار نیگەرانیی خەڵک و ناسەقامگیریی بازاڕی لێکەوتووەتەوە، هەرچەندە بانکی ناوەندیی پێشتر ڕایگەیاند ئەو بەرزبوونەوەیە کاتییەو ڕێکار دەگرنەبەر، بەڵام هێشتا هەنگاوی کاریگەری نەناوە.

سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "نرخی دۆلار لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایەو بەپێی پێشبینییەكان رەنگە بگاتە 2 هەزار دینار، تا ئەم ساتە حكومەت بێدەنگە وەكو ئەوەی روودەدات لە عێراق نەبێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەم بەرزبونەوەیە بەواتای ئەوەدێت حكومەت رێژەی 25%ی موچەی فەرمانبەرانی بڕیوە".

"ئەكرێ یەكێك حكومەت لەخەو هەستێنێت، شورەییە یەكێك رەخنە لە كەسی تر بگرێت بەڵام خۆی لەو خراپتر بێت" سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وادەڵێت.

هەرچەندە دەستكاریكردنی بەهای دراو لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایە و پەرلەمانی عێراق ناتوانێت ‏ڕێكارێكی ئەوتۆ لەوبارەیەوە بگرێتە بەر، بەڵام 65 پەرلەمانتار یاداشتنامەیەكیان ئاراستەی ‏سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتێكی تایبەت بە تاوتوێكردنی هۆكارەكانی ‏دابەزینی بەهای دینار لە بەرانبەر دۆلار.‏

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ‏بە "سزای سیاسیی ئەمریكا بۆ سەر عێراق" ناو دەبات و پێی وایە "كۆنترۆڵكردنی پێویستی بە ‏ڕێككەوتنی سیاسیی ئەمریكا و عێراق هەیە".‏

بە لێكدانەوەی ئەحمەد سەفار، هەڵوێستە سیاسییەكانی عێراق لەوانە "بەشداریكردن لە لووتكەی ‏عەرەبی-چینی كە لە سعودییە بەڕێوە چوو، بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ لە عێراقەوە"، ‏هۆكاری سزاكانی ئەمریكایە بۆ سەر عێراق.‏

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دەدات كە ئەگەر بەغداد بە زوویی ‏لەگەڵ واشنتۆن ڕێك نەكەوێت، نرخی دۆلار زیاتریش بەر زدەبێتەوە و كێشەی ئابووری بۆ عێراق ‏دروست دەكات.‏