كەسوكاری سەردەشت عوسمان هێشتا لە چاوەڕوانیی "دادگایەكی سەربەخۆ"دان

05-05-2019 06:11
ئارامگەی شەهید سەردەشت عوسمان. وێنە؛ فەرمان سادق


پەرەگراف- سەنگەر سالار

نۆ ساڵ بەسەر تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان تێدەپەڕێت و كەسوكارەكەی دەڵێن: دۆسیەكەی لای ئەوان ‌و خەڵكی كوردستان بە كراوەیی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی دادگا سەربەخۆ دەبێت.

لە كاتژمێر هەشت و 15 خولەكی بەیانیی ڕۆژی چواری ئایاری 2010، سەردەشت عوسمان، ڕۆژنامەنووس و قوتابیی دوا قۆناغی بەشی ئینگلیزی، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر ڕفێندرا، لە شەشی مانگدا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمەكەی لە شاری مووسڵ بڵاوكرایەوە.

لەبارەی یەكەم چركەی ئاگاداركردنەوەیان لە دۆزینەوەی تەرمی سەردەشت عوسمان، بەشدار عوسمان، برای ئەو ڕۆژنامەنووسە تیرۆر كراوە، بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی شەشی مانگ لە ڕێگەی كوردستان تیڤییەوە هەواڵی تیرۆركردنی سەردەشتمان زانی، پاشان چووینە شاری مووسڵ و تەرمەكەمان لە پزیشكی دادوەری وەرگرتەوە".

بەشدار عوسمان ئەوەی ڕوونكردەوە "بەپێی ڕاپۆرتی پزیشك، سەردەشت 24 كاتژمێر پاش ڕفاندنی، تیرۆر كراوە، بۆیە ڕۆژی پێنجی ئایار وەكو ڕۆژی تیرۆركردنی دیاری كراوە".

تیرۆركردنی سەردەشت لەناو خەڵك و ڕۆژنامەنووس و میدیاكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەش كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە. دواتر دانپێدانانی كەسێكی بە ڕەگەز عەرەب بڵاوكرایەوە كە وەكو بكوژی سەردەشت عوسمان ناسێندرا، بەڵام هەر زوو لەلایەن كەسوكارەكەیەوە ڕەتكرایەوە ئەو كەسە بكوژی سەردەشت بێت.

لەوبارەیەوە بەشدار عوسمان دەڵێت "ئێمە لە هیچ دانیشتنێكی دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارەدا ئامادە نەبووین كە بە بكوژی سەردەشت ناویان بردووە، چونكە دادگا و هێزە ئەمنییەكان بە ئاشكرا هەوڵی بەلاڕێدابردنی كەیسەكەیان دەدا".

ئاماژەی بەوەش كرد "ئەو كەسە لە یەكەم دانیشتنی دادگا كە بە كراوەیی بەڕێوەچوو، لەبەردەم دادوەر و ئامادەبووان بە ئاشكرا وتی كە ئەو سێ‌ مانگ پێش تیرۆری سەردەشت دەستگیر كراوە، دواتریش پەشیمان بووەوە لەوەی كە بكوژی سەردەشت بێت".

برای ئەو ڕۆژنامەنووسە تیرۆركراوە پاش نۆ ساڵ، كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان بە كەیسێكی كراوە لای كەسوكارەكەی و خەڵكی كوردستان و نووسەر و ڕۆژنامەنووسە ئازا و ئازاد و سەربەخۆكان ناودەبات و وتی "تا ئەو كاتەی دادگایەكی سەربەخۆ لە كوردستان بوونی دەبێت".

بەشدار عوسمان پێی وایە "بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی لەبەردەستدان، بە ئاسانی دەتوانرێت بكوژانی سەردەشت و ئەوانەی لە پشت تیرۆرەكەوەن ئاشكرا و دادگایی بكرێن. سەردەشت لە وتاری یەكەمین زەنگی كوشتنم لێی دا. ئەوەی ڕایگەیاندبوو كە لەسەر ڕەخنە لە دەسەڵاتی خێڵەكیی و بنەماڵەیی لە كوردستان هەڕەشەم لەسەرە".

سەردەشت 23 بەهاری تەمەنی تێپەڕاندبوو كە ڕفێندراو تیرۆر كرا، تەنها كەسوكارەكەی‌و ڕۆژنامەنووسان نین كە بڕوایان بەو پڕۆسەی لێكۆڵینەوەو دادگاییە نییە كە لەبارەی دۆسیەكەی ئەنجامدراوە، بەڵكو سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیش ناڕازییە.

ساڵی ڕابردوو لە 120هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، هێشتا تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە و بكوژەكانیان دیاری نەكراون وبە سزای تاوانەكانیان نەگەیشتوون، خوێنی بە ناحەق ڕژاوی (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن) ونە و بكەرانیان مەعلوم نین، وەڵامێك بە خانەوادە و كەسوكاری چاوەڕوانی ئەم قەڵەمە ئازاد و ئازادانە نییە.

هاوكات براكەی سەردەشت عوسمان دەڵێت"هەتا ئەو كەیسە لەژێر دەستی دادگایەكدا بێت كە لەژێر هەیمەنەی حیزبیدایە و كاریان بۆ بەلاڕێدابردنی كەیسەكە و ونكردنی بكوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت كردووە، ئێمە ناتوانین مافی خۆمان وەربگرینەوە".

پاش ئەوەی لەلایەن دادگاوە ئەو هاووڵاتییە بە ڕەگەز عەرەبە بە تاوانباری كوشتنی سەردەشت عوسمان ناسێنرا و كەیسەكە لەلایەن دادگاوە داخرا، كەسوكارەكەی چیتر هیچ سكاڵایەكی دیكەیان لە دادگاكانی هەرێم تۆمار نەكردووە. وەكو بەشدار عوسمان دەڵێت "دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم سەربەخۆ نییە و ناتوانێت مافمان بۆ وەربگرێتەوە، بۆیە هیچ سكاڵایەكی دیكەمان تۆمار نەكردووە".

سەبارەت بە كاركردن لەسەر دۆسیەكەش لە دەرەوەی هەرێم و دادگا جیهانییەكان، براكەی سەردەشت وتی "بە هاوكاریی كەسانی ئازادیخواز و سەربەخۆ، لە دەرەوە كاری زۆر بۆ بە زیندووی هێشتنەوەی كەیسی سەردەشت كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تاوانەكە لە هەولێر ئەنجام دراوە، هەر دەبێت لەوێ‌ یەكلایی بكرێتەوە".

سەردەشت عوسمان بەر لە تیرۆركردنی، ڕایگەیاندبوو بەهۆی نووسینە ڕەخنەییەكانی لە دەسەڵات و بەرپرسانی هەرێم، هەڕەشەی كوشتنی لێ‌ كراوە، لە نووسینەكەیدا بە ئاشكرا داوا لە بكوژەكانی ئەكات كە مەرگێكی شایستە بە ژیانەكەی پێ ببەخشن‌و نووسیویەتی "دووعاش دەكەم مردنێكی تراژیدیام پێببەخشن كە ‌شایستەی ژیانە تراژیدیاكەم بێت. بۆیە ‌ئەم قسانە ‌دەكەم تا بزانن گەنجەكانی ئەم وڵاتە ‌چ هۆلیسۆسێكن و مردن سادەترین هەڵبژاردنیانە، بۆ ئەوەی تێبگەن كە ‌ئەوەی ئێمە ‌دەترسێنێت بەردەوامیی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە ‌بۆ نەوەیەكی داهاتوو، نەك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبەختیی برا بچووكەكانمە، ‌نەك خۆم".