ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق: ١٠٠ دۆلار لە ١٤٦ هەزار دیناردا جێگیر دەکەین

29-12-2022 03:53

پەرەگراف

ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات لە جێگیرکردنی نرخی دۆلارو دەڵێت، ١٠٠ دۆلار لە ١٤٦ هەزار دیناردا جێگیر دەکەن.

مەزهەر محەمەد ساڵح، بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین یەدەگی دراوی بیانی هەیە و پلاتفۆڕمی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانێت ٩٠٪ـی پێداویستی وڵات بۆ دراوی بیانی پڕبکاتەوە.

ڕاوێژکارەکەی محەمەد شیاع سوودانی ئەوەش دەخاتەڕوو، بازاڕی دارایی عێراق لە قۆناغی خۆگونجاندایە لەگەڵ ڕێوشوێنە نوێیەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ڕێگەی ئەو پلاتفۆرمە نوێیەی دروست کراوەو "هیچ نیگەرانییەک لەئارادا نییە".

ئەو وتانە لە کاتێکدایە لەماوەی ئەم هەفتەیە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەرزونزمییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو بەهای دینار دابەزی، بۆیەکەمجار ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٦٠ هەزار دینار.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهای دۆلار کەمێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق چەند ڕێوشوینێکی نوێی گرتەبەرو ڕایگەیاند بەپێی پێویستیی بازاڕ دۆلار دەخەنەڕوو.

ئەمڕۆ نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە ١٥١ هەزارو ٥٠٠ دینارە.