سەرۆکی پەرلەمان: دەسەڵات و کۆمەڵگەیەک ئەم بەربەریەتە ڕاینەچڵەکێنێت دەبێت چاوەڕێی مردنێکی خێرا بێت

30-12-2022 11:11
دیمەنێکی لێدانی کچەکە - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

پەرەگراف

کۆمەڵێک کوڕی گەنج لە سلێمانی ھێرش دەکەنەسەر کچێک، لێی دەدەن و بە ھوھالێکردن جنێوو قسەی ناشرینی پێدەڵێن، سەرۆکی پەرلەمان لە کاردانەوەدا دەڵێت: دەسەڵات و کۆمەڵگەیەک ئەم بەربەریەتە ڕاینەچڵەکێنێت ئەبێت چاوەڕێی مردنێکی خێرا بێت.

ڕووداوەکە لە گەڕەکی ھوانەی سلێمانی ڕوویداوە، کچەکە چووەتە ئەو شوێنە بۆ سەریکردنی نمایشێکی ماتۆڕسواری، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ھێرشکردنەسەر ئەو کچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە 'جلێکی نیمچەڕووت'ی لەبەردایە.

"ئەو نێرانەی وەک دڕندە پەلاماری کچێک ئەدەن کە خواستی بووە وەک هەرکەسێک تەماشای پێشبڕکێیەک بکات، بەرهەمی ئەو خیتابە بەربەرییەن کە ڕۆژانە بەرامبەر ژن و کچی ئەم هەرێمە بە پلان و بە ڕێکخراوی بەڕێوەئەچن" ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەكاردانەوەی ھێرشکردنەسەر ئەو کچەدا لە تویتێکدا وادەڵێت.

ڕووداوەکە کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا ھێناوەو زۆر کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەیان لەسەر کردووەو ڕەخنەی تووند لە ڕەفتارو پەلاماردانی ئەو گەنجانە دەگرن.

ھێشتا پۆلیسی سلێمانی ڕوونکردنەوەی لەبارەی ڕووداوەکەوەو دەستگیرکردنی ھێرشبەران نەداوە، وتەبێژی پۆلیس دەڵێت: کچەکە لە بنکەی پۆلیسی عەربەت سکاڵای تۆمارکردووە.

ھەر لەکاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "هێرش کردنەسەر کچێکی بێ چەک کە هیچ زیانی نەبوە بۆ هیچ هاوڵاتیەک و هیچ پارە وسەروەتی میللەتی نەخواردوە، کارێکی نامرۆڤانە و ترسنۆکانەیە. حەقوایە ئەگەر ئەوە ئازایەتی و بوێری تیایە، ئەوا ئەو هەموو ئازایەتی و بوێرییە دژ بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەکاربهێنین و فشار بکەین تادۆخی خەڵک و گوزەرانی خەڵک خۆش بێت، نەک هێرش بکەینەسەر کچێکی بێ چەک".

"دەسەڵاتی کوردیش پێویستە بە جدی هەموو جۆرە چالاکییەک بپارێزێ و مافی خەڵک و ژنان و بەشداربوانیش بپارێزێت، نەک تەنها لەبۆنەکاندا باسی مافی ژنان بکات" سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وادەڵێت.

لە ڕوانگەی یاساییەوە، د. لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسا دەڵێت، ئەو تاوانە قێزەونە پێویستی بە سکاڵا نییە، "تاوانی بێ غیرەتانەی دەستدرێژی کردنەسەر  مێینەیەک «لەژێر ھەر بیانویەکدا بێ» لە شوێنی گشتی «تاوانی گشتیە» بە گوێرەی مادەی ٤٠٢ لە یاسای سزادان کە دەڵێ سزادەدرێ بە سزایەک کە زیاتر نەبێ لە سێ مانگ زیندانی ھەرکەسێک بە قسەبێ یان کردەوە یان بە ئاماژە دەستدرێژی بکاتە سەر مێینەیەک لە شوێنی گشتیدا".

ئەو پسپۆڕی یاسایە ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕووداوەکە لە تاوانەکانی مادەی ٣ی یاسای بنەما دادگەریە سزاییەکان نیە،  "بەڵکوو تاوانی مافی گشتیەو ئەوانەی دەستدرێژییان کردوە تەنھا دەست درێژییان نەکردۆتەسەر ئەو کیژە بەڵکو دەستدرێژییان کردۆتەسەر ئاسایشی گشتی کۆمەڵگا و نیزامی گشتی، پێویستی بەسکاڵا نیە و پێویستە لەسەر پۆلیس و دەزگاکانی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ھەموو ئەوانە بکەن کەئەو تاوانەیان ئەنجامداوە".

ڤیدیۆی ڕووداوەکە